رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی شەهیدانی عێراق پێشنیازێک بۆ هەموارکردنی یاسایەک دەداتە حکومەت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی مووچەی شەهیدان و مووچەیەکی دیکەی فەرمی وەردەگرن، بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکەش بتوانن ئەو دوو مووچەیە پێکەوە وەربگرن کە ئەم ساڵ وادەکەی کۆتایی دێت.
تاریق مەندەلاوی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشنیازی هەمواری یاسای قوربانییانی تیرۆرمان ئاراستەی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی ماوەی وەرگرتنی دوو مووچە لەلایەن ئەو کەسانەی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و کردەوە تیرۆریستییەکان دەیانگرێتەوە، بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژبکرێتەوە."
بەپێی هەموارێکی یاساکە کە لە ساڵی 2015 کراوە، ئەو کەسانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە، ئەگەر فەرمانبەر بن یان هاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەبێت، دەتوانن تاوەکو 10 ساڵ هەردوو مووچەکە پێکەوە وەربگرن.
تاریق مەندەلاوی رایگەیاند، ئەو هەموارە بۆ ئەوەیە کە ماوەی وەرگرتنی ئەو دوو مووچەیە تاوەکو ساڵی 2030 درێژبکرێتەوە و ئەو کەسانەش لێى سودمەند بن کە دوای ساڵی 2015 یاساکە گرتوونییەتەوە.
کەسوکاری هەر زیانمەندێک کە بەهۆی ئەو رووداوانەوە گیانی لەدەستدابێت، مانگانە بڕی یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار وەردەگرێت کە بەسەر میراتگرەکانیدا دابەش دەکرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، دوای پەسندکردنی هەموارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ