رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، هەوڵەکانیان چڕکردووتەوە بۆ ئەوەی 800 دەرچووی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دامەزرێن.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رۆژی دووشەممە، 23-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا نزیکەی 800 دەرچووی کۆلێژ و بەشە پزیشکی و تەندروستییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان ماون دابمەزرێنن.
ئەحمەد دووبەردانی دەڵێت، ئەو دانەمەزراوانە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین.
ژمارەی دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان 61 هەزار کەسە، لەو ژمارەیە 57 هەزار و 464 دەرچووى بەشە پزیشکییەکان فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام وەزارەتەکانی دارایی عێراق و تەندروستی رەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی 29 هەزاریان داوە.
ئەحمەد دووبەردانی، پێشتر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی نەینەوا بوو، گوتی، لە هەنگاوی یەکەم، ناوی هەزار و 634 دەرچوو گەڕایەوە، نزیکەی 800ی دیکە ماون، هەوڵەکانیان خستووەگەڕ لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی شوێنی ئەو 800 دەرچووە بکرێتەوە و دابمەزرێن.
ئەنجوومەنی باڵای راژەی گشتیی فیدراڵی بە نووسراوی ژمارە 50/112/6130 کە رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024 بە ناونیشانی "زۆر بەپەلە" رەوانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی کردووە، رەزامەندنی لەسەر دامەزراندنی 29 هەزار و 882 کەس لە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە و بەشە پزیشکی و تەندروستی و پەرستارییەکان نیشاندا.
ئەنجوومەنەکە داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات بۆ ئەو مەبەستە رێکارەکان بگرێتەبەر بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانە بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکیی خاوەن پیشە تەندروستی و پزیشکییەکان.
هەروەها ئاماژەی بە چوار نووسراوی وەزارەتی دارایی لە 11ـی تەمموز و 13ـی ئابی 2024 داوە، کە پەیوەستە بە دامەزراندنی 29 هەزار و 882 کەس لەو دەرچووانە، لەگەڵ دوو نووسراوی دیکە لە 15 و 7ـی ئابی 2024، کە ناوی دەرچووانی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.
ئەنجوومەنەکە داوایکردووە وەزارەتەکە رێکارەکان بۆ رێگری لە دوو دامەزراندن بگرێتەبەر و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 184ـی ساڵی 2022 بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ