هەوڵ دەدرێت ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە کارئاسانییان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بۆ بکرێت

23-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی داد دەڵێت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پێکهێنانی پڕۆسەی هاوژینی بۆ سزادراوانی سزای سێدارە کراوە. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ دەدەین، ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان لە زیندان هەیە، ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، کە 512 سزادراوی لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان هەن."
 
رۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی داد لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی ئەرک و کاروباری ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی وەزارەتی داد کرا و تێیدا بیروڕا لەبارەی ئەو بابەتەوە ئاڵوگۆڕ کرا کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ئاراستەی ئەنجوومەنی شورای کردبوو کە تایبەت بوو بە ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بۆ سزادراوانی سێدارە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا، راوێژکارانی ئەنجوومەن، نوێنەرانی هەریەک لە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و دەستەی مافی مرۆڤ بەشداربوون و چەندین تێبینی و پێشنیاز و راوبۆچوون خرانەڕوو."
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێک لەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، دەیانەوێ ژیانی هاوژینی پێکبهێنن. هەندێکیان پەیوەندیی سۆزدارییان لەگەڵ یەکدی هەیە، واتە هەردووکیان زیندانین. دۆخێکی دیکەش هەیە کە ئەوەیە کەسێک دەیەوێ ژیانی هاوژینی لەگەڵ کەسێکی دیکە لە دەرەوەی زیندان پێک بهێنێت."
 
بەگوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی ئامادەبوون، رای خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕی و لە داهاتوودا کاری زیاتری لەسەر دەکرێت.
 
هاوکات عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لە هیچ دەقێکی یاساییدا باس نەکراوە کە ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە دەتوانن هاوژینی پێکبێنن یان نا؛ بۆیە کۆبوونەوەیەک کرا تاوەکو لەڕووی شەرعییەوە بزانین دروستە یان نا. یەکێک لە لایەنە ئامادەکانیش یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی بوو و دوو بۆچوونمان لەسەری هەبوو."
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت: "ئەگەر ژنێک هاوژینی هەبوو، بەڵام ناپاکی لەگەڵ پیاوێکی دیکە کردبوو و دواتریش ئەو دوو کەسە پێکەوە هاوژینی ژنەکەیان کوشتبوو و بەو هۆیەوە هەردووکیان دەستگیرکرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، پێمان وایە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی دروست نییە، تەنیا ئەگەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان خێزانەکانیان کرابێ. ئەمە بۆ دۆخی پیاویش راستە. بەڵام ئەگەر کەسێک بە هەر تاوانێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، ئەو کات دروستە و بۆچوونمان وایە دەتوانێ ژیانی هاوژینی پێکبێنێت."
 
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی هەن؛ بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "بەکۆی گشتی 512 سزادراوی سزای لەسێدارەدان هەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.