رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 10 بەربژێری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوورخراونەتەوە، یان لەلایەن دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەریی بە تۆمەتی بەعسیبوون بانگهێشتی لێکۆڵینەوە کراون.
عەلی عەباس زیاب، بەرپرسی راگەیاندنی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا زیاتر لە 10 بەربژێری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوورخراونەتەوە، یان لەلایەن دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆسیەکانیان بانگهێشتکراون."
ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسییە، کە یەکێکیان بۆ کۆتای کریستیانە.
بەرپرسی راگەیاندنی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە 12 هەزار فەرمانبەر بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن بە بەڕێوەبەری وێستگە، چاودێر، فەرمانبەری سندوق و بابەتی دیکەوە.
لە پارێزگای کەرکووک، سەرووی ملیۆنێک و 153 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە ، 315 ناوەندی دەنگدان لە کەرکووک دەبێت.
دوای نزیکەی 18 ساڵ بڕیارە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوەبچێت.
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ، 393 بەربژێر لەوانەی بەفەرمی ناوەکانیان پێشکێشکی کۆمیسیۆن کردبوو دوورخراوەنەتەوە، بەشی زۆریان بەهۆی رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییە، کە ژمارەیان 240 کەس دەبێت، هەروەها 54ـیان بەهۆی پێشینەی تاوان، 46 بەربژێر بەهۆی گەندەڵی، 12 بەربژێر کارمەندی دەزگا ئەمنییەکانن و هەشت بەربژێریش بەهۆی کەموکورتی لە دۆسیەکانیان دوورخراونەتەوە."
بڕیارە لە 18ـی کانوونى یەکەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت و شەش هەزار و 22 کەس خۆیان بەربژێر کردووە؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانیێتیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ