رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە پارێزگاکەی 32% کەمی کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، فەریبورز ئەمیری، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لە ساڵی 2016 یەک ملیۆن و 760 هەزار کەس و لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە پلەی 16یەم بوو لەسەر ئاستی ئێران، بەڵام بە لەبەر چاوگرتنی دابەزینی ژمارەی دانیشتووان 5% بۆ 6% کەم بووەتەوە و لە هەر 10 کەس 3 بۆ 4 کەس بەساڵاچوون."
فەریبورز ئەمیری گوتی: "نزیکەی 70%ی دانیشتووانی پارێزگاکە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 65 ساڵە هێشتا دەرفەتی بەشداریکردنیان لەرووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بەڵام ئەگەر رێوشوێنی پێویست نەگیرێتەبەر، لە داهاتوودا مامەڵەکردن لەگەڵ دانیشتووانی بەساڵاچوو قورس دەبێت."
فەریبورز ئەمیری رایگەیاند، لە شەش مانگدا 10 هەزار و 783 منداڵ لە پارێزگاکە لە دایک بوون، کە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو رێژەی لەدایکبوون 35% کەمی کردووە."
بە گوتەی فەریبورز ئەمیری 6 هەزار و 638 پرۆسەی هاوژینی تۆمارکراون، لە 10 ساڵی رابردووە رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە پارێزگاکە 32% کەمی کردووە.
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای لوڕستان دەڵێت: "لە شەش مانگدا هەزار و 977 جیابوونەوە لە پرێزگاکە تۆمار کراوە و رێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە."
لەبارەی ئاماری مردنەوە، ئەمیری رایگەیاند، لە هەمان ماوەدا 5 هەزار و 665 کەس لە پارێزگاکە مردوون.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای لوڕستان یەک ملیۆن و 800 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ