لە سلێمانی 117 منداڵ و بەساڵاچوو لە خانەکانی بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتانن

23-11-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ئاماری خانەکانی داڵدەدان و شێڵتەرەکانی سنوورەکەی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، 117 منداڵی بێسەرپەرشت و بەساڵاچوو لە خانەکانیاندان و 29 ژنی هەڕەشەلێکراویش لە شێڵتەر داڵدە دراون. هاوکات وەڵامی گلەیی کارمەندانی دایەنگە ناحکومییەکان دەداتەوە و دەڵێت، بەهۆی کارکردنی دایک و باوکان لە کەرتی تایبەت، رۆژانی شەممە کراوەتە دەوام.
 
ژیلوان عادل شوکر، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداودا، رایگەیاند، بەردەوام چاودێریی وردی دایەنگە و خانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکەن.
 
"رۆژانی شەممە لە بەرژەوەندیی خێزانەکان کراوەتە دەوام"
 
سەبارەت بە گلەیی کارمەندانی دایەنگە ناحکومییەکان لەبارەی دەوامی رۆژانی شەممە، ژیلوان عادل گوتی، "ئەم دایەنگانە تەنیا منداڵی فەرمانبەری حکومییان لا نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری دایک و باوکان لە کەرتی تایبەت، نەخۆشخانەکان یان فەرمانبەری حکومەتی فیدراڵین و شەممە پشوویان نییە، بۆیە لەبەر بەرژەوەندیی گشتی ئەو بڕیارە دراوە."
 
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی جەختیشی کردەوە، بەردەوام چاودێریی دایەنگەکان دەکەن، "هەر کەموکورتی و کەمتەرخەمییەک هەبێت، رێکاری کارگێڕی و یاسایی دەگرینەبەر. ئەم ساڵ یەک دایەنگە بەهۆی سەرپێچییەوە داخراوە."
 
"29 ژنی هەڕەشەلێکراو لە شێڵتەرەکاندان"
 
ژیلوان عادل ئاماری شێڵتەری داڵدەدانی ژنانیشی خستەڕوو و رایگەیاند، "شێڵتەرێکی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراومان هەیە، کە ئێستا 29 کەیسی تێدایە و لەژێر چاودێریدان."
 
بە گوتەی ئەو، ئەو ژنانە بە فەرمانی دادگە و دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن پسپۆڕانی بوارەکەوە داڵدە دەدرێن، تاوەکو کێشەکانیان بە رێگەی یاسایی یەکلایی دەبێتەوە.
 
"117 کەس لە خانەکانی بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتاندان"
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 5 خانەی تایبەت بە منداڵانی بێسەرپەرشت هەن کە بە گوتەی ژیلوان عادل، ئێستا 61 منداڵ لە تەمەنی یەک رۆژییەوە تاوەکو 18 ساڵی لەخۆدەگرن. هەروەها گوتیشی، "خانەیەکی دیکەی تایبەت بە بەساڵاچووانمان هەیە کە نزیکەی 56 بەساڵاچووی تێدایە."
 
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، هەندێکجار ناتوانن هەموو پێداویستییەکان دابین بکەن و گوتی، "سوپاسی سەرمایەداران و خێرخوازان دەکەین کە هاوکارێکی سەرەکین لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو خانانە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".