جووتیارانی کەرکووک داوای پارەی گەنم دەکەن؛ 'نەیدەن کشتوکاڵی ئەم ساڵ پەکی دەکەوێت'

23-11-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە جووتیاران لە بەردەم سایلۆی کەرکووک گردبوونەوە و داوای شایستە داراییەکانیان دەکەن. نوێنەرێکیان دەڵێت، هێشتا پارەی گەنمی 55٪ـی جووتیارانی پارێزگاکە خەرج نەکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-11-2025، ژمارەیەک لە جووتیارانی کورد، عەرەب و تورکمانی سنووری پارێزگای کەرکووک لە بەردەم سایلۆیەکی پارێزگاکە گردبوونەوە و داوای وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان و پارەی ئەو بڕە گەنمەیان کرد، کە ئەم ساڵ رادەستی سایلۆکانیان کردووە.
 
ساتع ناسیح، نوێنەرێکی جووتیاران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''داواکاریمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، پارێزگار و وەزیرانی بازرگانی و کشتوکاڵ هەیە کە شایستە داراییەکانمان بۆ خەرج بکرێت.''
 
بەگوتەی ساتع ناسیح، تاوەکو ئێستا 55٪ـی جووتیاران شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج نەکراوە، ''لەکاتێکدا پارێزگاکانی دیکەی باشووری عێراق هەر هەموویان پارەی گەنمیان وەرگرتووە.''
 
وەک نوێنەری جووتیارانی کەرکووک دەڵێت، خەرجنەکردنی پارەی گەنم کێشەی دارایی بۆ جووتیارانی سنوورەکە دروست کردووە و ''بۆ وەرزی ئەم ساڵ، جووتیاران توانای ئەوەیان نەماوە بەردەوام بن لە کشتوکاڵ و گەنم بەرهەم بچێنن، بۆیە ئەگەر شایستە داراییەکانمان نەدرێتێ، کشتوکاڵی ئەم ساڵ پەکی دەکەوێت.''
 
لە کەرکووک چوار سایلۆ هەن؛ کەرکووک، زاب، حەویجە و تازە. ساتع ناسیح ئاماژەی دا، ''لە سایلۆی کەرکووک دەڵێن، تاوەکو ئێستا لە وەزارەتی داراییەوە هیچ بڕە پارەیەک نەگەیشتووەتە کە شایستە داراییەکانی ئێوەی پێبدەین.''
 
ئەو نوێنەرەی جووتیاران لە کەرکووک داوا دەکات، ''بەپەلە و بێ دواکەوتن''، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە کشتوکاڵ.
 
ئەم ساڵ لە سنووری کەرکووک 750 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندرابوو. 25ـی ئایار وەرگرتنی گەنم لە سنووری کەرکووک دەستیپێکرد و تاوەکو 21ـی تەممووز، 503 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیرا.
 
بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بەشێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەرگیرا، ئەگەر بە شێوازى کۆنیش ئاودرابێت، هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەرگیراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە