سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: زیانی دووکان و کۆگاکانی چەمچەماڵ هەڵدەسەنگێندرێنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دابەشکردنی قەرەبوو بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکرد و سەرۆکی بۆردی چاودێریی دابەشکردنی قەرەبووەکان دەڵێت، ئەو کەسانەی تانەیان لە بڕی پارەکە هەیە، لیژنەکان سەردانیان دەکەنەوە. بڕیاریش دراوە قۆناخی قەرەبووکردنەوەی دووکان و کۆگاکان دوابخرێت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 22-12-2025، پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبوو بەسەر 639 ماڵی زیانلێکەوتووی سەنتەری قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، کە کۆی گشتیی پارەکە 861 ملیۆن و 345 هەزار دینار بوو.
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات سەرۆکی بۆردی چاودێریکردنی دابەشکردنی قەرەبووەکانە، لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "603 کەسی زیانلێکەوتوو چەکی قەرەبوویان وەرگرت، بەڵام ژمارەیەک هاووڵاتی ئامادە نەبوون وەریبگرن، چونکە پێیانوابوو بڕەکەی کەمە و سکاڵایان تۆمارکردووە."
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتی: "بۆردی چاودێری بڕیاریداوە دووبارە لیژنەی هەڵسەنگاندن سەردانی ئەو ماڵانە بکەنەوە کە تانەیان لە بڕی قەرەبووەکان داوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانیان بکرێتەوە."
 
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنەکە، مەریوان کەریم ئاغا، ئەندامی بۆردی چاودێریی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە بەرنامەکەدا ئاشکرای کرد، بڕیاردراوە هیچ ماڵێک لە 500 هەزار دینار کەمتر قەرەبوو وەرنەگرێت.
 
مەریوان کەریم ئاغا گوتی: "هەر ماڵێک پێش ئەو بڕیارە قەرەبووی کەمتر لە 500 هەزار دیناری وەرگرتبێت، زیادەکەیان بە چەکێکی دیکە بۆ خەرج دەکرێت." ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی سێشەممە قۆناخی قەرەبووکردنەوەی ماڵەکان تەواو دەکرێت و قۆناخی قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەستپێدەکات.
 
لەبارەی قەرەبووی شوێنە بازرگانییەکان، ئەندامەکەی بۆردی چاودێری گوتی: "کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی و بوژانەوەی چەمچەماڵ بڕیاریدا قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگا بازرگانییەکان بخرێتە قۆناخی سێیەم، تاوەکو جارێکی دیکە لیژنەکان پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانیان دەکەنەوە."
 
سەبارەت بەو پارەیەی وەکو هاوکاری کۆکراوەتەوە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە ئەو پارەیەی زیاد دەبێت لە چ بوارێکدا خەرج دەکرێت، بەڵام پێشنیازکراوە کاری لەپێشینە بۆ ئەو پرۆژانە بێت کە رێگری لە دووبارەبوونەوەی لافاو دەکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو هاوکارییە داراییانەی بۆ چەمچەماڵ کۆکراونەتەوە بریتین لە (8 ملیار و 567 ملیۆن و 768 هەزار) دینار و (3 ملیۆن و 225 هەزار) دۆلار.
 
دابەشبوونی ماڵە زیانلێکەوتووەکان بەسەر ناوچەکاندا:
 
چەمچەماڵ: 639 ماڵ
 
شۆڕش: 455 ماڵ
 
تەکیە: 210 ماڵ
 
ئاخجەلەر: 8 ماڵ

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەشواق جاف: پۆستەکانی بە‌غدا بەپێی "خاڵ" دابەش دەکرێن

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، شاندی دانوستاندنکاری حیزبەکەی لەگەڵ لایەنەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە "یەک وەرەقەی هاوبەش" بچنە بەغدا.