رووداو دیجیتاڵ
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، گرتەی ڤیدیۆیی نمایشکردنی چەندین درۆنی سەربازیی وەک (شاهید 129، 191 و 136) لە تاران بڵاوکردەوە. لە نمایشەکەدا بە زمانی عیبری هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکرێت و باس لە توانای درۆنەکان دەکرێت.
ئەفسەرێکی سوپای پاسداران کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، لە کاتی نمایشکردنی درۆنەکاندا بە زمانی عیبری دەڵێت: "سڵاو، ئێمە لەوەی کە بیری لێدەکەنەوە لێتانەوە نزیکترین."
ئەو ئەفسەرەی سوپای پاسداران باس لە گرنگیی درۆنی شاهید 136 دەکات و دەڵێت: "ئەم شاهید 136ـە وەک باڵندە وایە. بەڕێز سەرۆک ترەمپ دەڵێت، درۆنێکم دەوێت وەک شاهید 136. دانەیەکیان دروستکرد، بەڵام دواتر دەڵێت ئەمە زۆر گرانبەهایە و من شتێکم دەوێت وەک ئەوەی ئێرانییەکان کردوویانە."
ئەو ئەفسەرە سەبارەت بە توانای تێکشکاندنی ئەو درۆنە دەشڵێت: "دەزانن ئەمە چی دەکات؟ کاتێک ئەم درۆنە دەفڕێت، دوژمن پارچەپارچە دەکات."
ئەم نمایشە سەربازییەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە، لەوانە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە جووڵەی ئەو کەشتییانە بە ئاراستەی ئێران "بۆ ئامادەکاریی هەر ئەگەرێکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ