ئەمریکا هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکات و ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئێران زیاتر دەبێت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
ئەمریکا کەشتیگەلی زیاتر دەنێرێتە ناوچەکە.
ئەمریکا کەشتیگەلی زیاتر دەنێرێتە ناوچەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە ناوچەکە زیاتر دەبێت. رۆژ لە دوای رۆژ هێزی زیاتری ئەمریکی ئاراستەی ناوچەکە دەکرێن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی جووڵەی هێزەکانیانەوە رایگەیاند: "چاودێری ئێران دەکەین. وەک دەزانن، کۆمەڵێکی زۆر کەشتیمان بەو ئاراستەیەدا دەچن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ هەر ئەگەرێک. هێزێکی گەورەمان هەیە کە بەرەو ئێران دەچێت. پێم باشترە هیچ شتێک روونەدات، بەڵام زۆر لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین."
 
لە بەرامبەردا، ئاستی لێدوانی بەرپرسانی ئێران تووندتر بووە و هۆشداریی تووند دەدەنە ترەمپ. محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەو بارەیەوە گوتی: "رێگەیەکی هەڵەت هەڵبژاردووە و خەریکە دەچیتە پێشەوە."
 
ئەمریکا و ئیسرائیل هاوپەیمانی نزیکی یەکدین و چاوەڕوان دەکرێت لە هەر کردەیەکی سەربازیدا، هاوکاریی یەکدی بکەن.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی مەترسییەکانی سەر ناوچەکە گوتی: "هیوام وایە رێگەیەک بدۆزنەوە، بەڵام بەداخەوە ناتوانم بەبێ گوتنی ئەم قسەیە تێپەڕم؛ هێشتا نیشانەکانی ئامادەکاریی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەنێو نەچوون، ئەوەش هەیە."
 
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی رابردوودا خۆپێشاندانی بەرفراوان لە ئێران بەڕێوەچوو و رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەی کوژراوان زیاتر دەبێت و رادەگەیێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە