رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی تووند ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، سەرجەم ئەو رێگەیانەی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی ئێران تاقیکردوونەتەوە شکستیان هێناوە؛ هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر دیپلۆماسی شکست بهێنێت، شەڕێکی "وێرانکەر و درێژخایەن" روودەدات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هۆشداریی دا لە ئەگەری داخرانی دەرگاکانی دیپلۆماسی لەنێوان تاران و واشنتن و رایگەیاند: "ئێستا هەڕەشەیەکی دیکە هاتووەتە ئاراوە، ئەویش شکستی کۆتایی دیپلۆماسییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە، هەر جۆرە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەک، زۆر لەوە قورستر دەبێت کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی وێنای دەکەن و گوتی: "رووبەڕووبوونەوەیەکی تەواو و هەمەلایەنە، بێگومان وێرانکەر، تووندوتیژ و زۆر لەو هێڵە کاتییە خەیاڵییانە درێژتر دەبێت کە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە کۆشکی سپی باسی دەکەن."
عێراقچی پێیوایە ئەمریکا لە رابردوودا هەموو جۆرە گوشارێکی تاقیکردووەتەوە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەمریکا هەموو رێوشوێنێکی دوژمنکارانەی تاقیکردووەتەوە؛ لە سزا و هێرشی ئەلیکترۆنییەوە تاوەکو هێرشی سەربازیی راستەوخۆ و پشتگیریکردن لە ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی گەورە، بەڵام هەر هەموویان شکستیان هێناوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە ترەمپ دەکات لە جیاتی سیاسەتی گوشار و هەڕەشە، رێگەیەکی جیاواز تاقی بکاتەوە و دەڵێت: "پەیامی ئێران بۆ سەرۆک ترەمپ روونە؛ رێگەی رێزگرتن و دیپلۆماسی تاقی بکەرەوە."
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە، کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، جارێکی دیکە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بوونەتەوە رۆژەڤی سەرەکیی میدیا جیهانییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ