رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میترۆ رایگەیاند، نیگەرانە "لە هەڵمەتی رق و كینە بەرامبەر پێکهاتەکان كە چەند رۆژێكە دوای دەرچوونی بڕیاری داگەی فیدراڵی عێراق دەستیپێکردووە". رێکخەری سەنتەرەکە دەڵێت، ئەوانەی سووکایەتی بە پێکهاتەکان دەکەن گوزارشت لە تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن.
ئەمڕۆ شەممە، سەنتەری میترۆ لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، "ئەو هەڵمەتە شەرمەزار بكەن و نەبنە بەشێک لەو گوتارە میدیایی و سیاسییەی كە برەو بە رق و كینە دەدات بەرامبەر كەمینەی نەتەوەیی و ئایینی لە هەرێمی كوردستان".
رەحمان غەریب، رێکخەری گشتیی سەنتەری میترۆ بە رووداوی گوت، "جوێن و سووکایەتی بە پێکهاتەکان دەکرێت و وەکو هەڵمەتێکی لێهاتووە، کە گرنگە کۆمەڵگەکەمان هۆشیار بکەینەوە نەبنە بەشێک لەو هەڵمەتە".
میترۆ لەبارەی نەهێشتنی 11 کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە دەڵێت، پێكهاتەكان هاوشێوەی لیستەكانی دیكە بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردن بكەن.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەڤانان و ئازادی رادەربڕین ئاماژە بەوە دەکات، "لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرش بۆ سەر كەمینەكان لە هەرێمی كوردستان بە روونی برەوی پێدەدرێت، تا ئاستی دەربڕینی رق و كینە بەرامبەریان".
رەحمان غەریب دەڵێت، "ئەوانەی سووکایەتی بە پێکهاتەکان دەکەن گوزارشت لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان ناکەن و بەشێکی ئەوانەن کە سیاسەت کاریگەریی لەسەریان هەیە و هەڵوێستیان توندە".
میترۆ راشیگەیاندووە، "بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە هەڵوەشانەوەی كۆتای كەمینە نەتەوەیی و ئایینی دەبوو بكرێتە بۆنەیەك بۆ مشتومڕی سیاسی بنیاتنەر، نەك بۆنەیەك بۆ هەڵڕشتی رق و كینە بەرامبەر ئەو پێكهاتانەی كە پێكەوە رەنگینی كۆمەڵگاكەمان بەرجەستەدەكەن".
رۆژی 21ـی شوبات دادگەی فیدراڵی لە بڕیارێکدا 11 کورسی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە "نادەستوور"ی پێناسەکرد و کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە کرد بە 100 کورسی، ئەوەش نیگەرانی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ