رووداو دیجیتاڵ
بە چوار مووشەکی بالیستی، ئێران بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی لە سپیلک کردە ئامانج. پێشمەرگەکان، لەنێویاندا پشتیوان، سەرقاڵی رزگارکردنی هاوسەنگەرەکانیان بوون، بەڵام هێرشی دووەم بە دوو مووشەکی دیکە، کۆتایی بە ژیانی 6 پێشمەرگە هێنا.
مەلا مووسا مستەفا، باوکی شەهید پشتیوانە و بە سەربەرزییەوە باس لە کوڕەکەی دەکات. ئەو بە رووداوی گوت: "شەهیدبوونی بۆ ئێمە جێگەی شانازییە. هەموومان لەپێناو رێبازی بارزانی و پاراستنی کوردستاندا ئامادەین گیانی خۆمان بەخت بکەین."
هاوسەنگەرەکانی پشتیوان چیرۆکی ساتی هێرشەکە دەگێڕنەوە. ئەوان دەڵێن، دوای هێرشی یەکەم، پشتیوان گوتوویەتی: "ئەمشەو دەبێت بەئاگا و چاوکراوە بین." بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی هاوسەنگەرەکانی، بەرەو ئەو شوێنانە رۆیشتووە کە مووشەکەکانی ئێرانی بەرکەوتبوو، بەڵام لەو کاتەدا هێرشی دووەم کراوە و پشتیوان لەگەڵ پێنج پێشمەرگەی دیکە شەهید بوون.
سیروان سەمەد، هاوسەنگەری شەهید پشتیوانە و لە ساتی رووداوەکەدا لە ئەرکدابووە. ئەو دەڵێت: "من پاسەوانیم دەکرد، پێنج جار دەنگی گەورە هات و بۆردوومانیان کرد. هەموومان هاتینە دەرەوە و سەرەتا سەلامەت بووین، بەڵام جاری دووەم لە بارەگاکەی ئێمە لە ئۆتۆمبێلێکی دا و لەوێوە بریندار و شەهیدمان لێکەوتەوە؛ ئەو 6 پێشمەرگەیە لە بۆردوومانی دووەمدا شەهید بوون."
شەهید پشتیوان لەدایکبووی ساڵی 1995ـی گوندی "بیێ"ی ناوچەی شێروان مەزنە. ئەو کوڕە گەورەی ماڵ بوو، خێزاندار بوو و لە سۆران دەژیا. چوار ساڵ بوو چەکی پاراستنی کوردستانی خستبووە شان و لە کۆتاییدا لەم رێگەیەدا گیانی بەخشی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ