بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

24-05-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو -  هەولێر

بە بڕیاری وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆ لە شاری سلێمانی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، خەزنەدارێکی بانکەکە دەڵێت: "لە مانگی رابردووەوە نێردراوەتەوە ماڵەوە".
 
رۆژی سێشەممە 24ی ئایاری 2022، ئاری قادر، خەزنەدار لە بانکی تانجەرۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە بڕیاری وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، روقیە عومەر لە مانگی رابردووەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و لە ماڵەوەیە؛ بەڵام بڕیارەکە نەبووەتەوە فەرمی و وادیارە ئێستا بڕیارەکە دەرچووە، بەڵام بەئێمە نەگەیشتووە".
 
سەبارەت بە هۆکاری دوورخستنەوەی، بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆ، گوتی: "کۆمەڵێک کەموکورتی لە بانکەکەدا هەبووە؛ 56 فەرمانبەریش واژۆیان کۆکردووەتەوە و گەیاندوویانەتە وەزیری دارایی بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر نەگەڕێتەوە سەرکارەکەی. واژۆکان گەیشتوونەتە وەزیر و ئەگەر هەیە لەسەر بنەمای ئەو واژۆیانە بڕیاری دوورخستنەوەی دابێت".
 
کەمیی داهات و نەبووی پارەی نەقدی لە بانکەکاندا چەند مانگێک بوو لە سنووری سلێمانی کێشەی بۆ دابەشکردنی مووچە دروستکردبوو، لە نووسراوێکدا کە رۆژی دووشەممە 23ی ئایاری 2022 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەکی تایبەت بە کێشەی داهات و خەرجییەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، پێکهێناوە. 
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان و ئەندام لە لیژنەکە بە رووداوی گوت، لە رۆژی سێشەممە 24ی ئایارەوە دەستبەکارەکانیان دەکەن.
 
رۆژی 20ی ئاداری 2022، لەبەردەم بانکی تانجەر و دوو خانەنشین گیانیانلەدەستدا؛ راپۆرتی پزیشکی رایگەیاند. جەڵتە لێیداون. وەزیری داراییش فەرمانیدا بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆ دەستلەکاربکێشێتەوە، لیژنەیەکیش پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە