رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاقیکردنەوەی پۆلی 12 بەبەشداریی 107 هەزار و 130 خوێندکار لە بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی لە 2175 هۆڵی تاقیکردنەوەدا ئەنجامدەدرێت و راگیرانی هێڵەکانی ئینتەرنێتیش یەکێکە لە رێکارەکانی رێگریکردن لە گزی.
فاتیح مەولەوی زادە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا بەشداربوو رایگەیاند، "ساڵانە پلانی ستراتیژیمان هەیە بۆ بەڕێوەچوونی ئەزموونە گشتییەکان".
لەبارەی هەوڵەکان بۆ رێگەگرتن لە گزیکردن لە تاقیکردنەوەکان، جگە لە راگیرانی هێڵەکانی ئینتەرنێت، ئەمساڵ سەرجەم ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە قەدەخە کردووە و تەنانەت ستافی بەڕێوەبردنی هۆڵەکانی خوێندن ئامێرێکی پەیوەندییان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ دابینکراوە و ئەمساڵ هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە مۆبایلی زیرەک بباتە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەوە. هەروەک ئەمساڵ بژمێر "حاسبە" لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ خوێندکاران دابینکراوە.
هەروەک باسی لەوەشکرد، وەزارەتی پەرەوەردە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 وەکو ئاسایشی نەتەوەیی تەماشا دەکات و راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەو کاتانەی کە تاقیکردنەوەیە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتییە.
فاتیح مەولەوی زادە، ئاماژەی بەوەکرد بۆ ئەمساڵ وێنەی خوێندکاران لەسەر پەڕەی سۆماریە و دەبێت دڵنیابنەوە لەوەی ئەو کۆدەی لەسەر پەڕەی سۆمایە هاوتابێت لەگەڵ پەڕەی پرسیارەکانیان. هەرەوەک کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە شیوازی داڕشتنەوەی پرسیارەکاندا کراوە.
هەروەها یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان دەڵێت، راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ماوەی رۆژانی تاقیکردنەوەدا لە کاژێر 6:30 بۆ کاژیر 10:30، لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە بووە و مەبەست لێی دابینکردنی کەشێکە کە رێگری لە گزی بکرێت و رەنج و ماندووبوونی خوێندکاران و کەسوکاریان لەبەر چاو بگیرێت.
هەروەک فاتیح مەولەوی زادە باسی لەوەش کرد، چۆن ئەمساڵ کۆمەڵێک رێکاری نوێیان هەبووە دەکرێت لە ساڵانی ئایندەدا رێکارەکان پێویست بەوە نەکات هێڵەکانی ئینتەرنێت رابگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ