رووداو دیجیتاڵ
حیزبی شیوعی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی بە بەستنی کۆنگرە کرد. بەرپرسێکی حیزبەکە دەڵێت، "ئەبوو کاروان بە سکرتێر و هیوا عومەر بە جێگری سکرتێری حیزبەکە هەڵبژێردران."
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، بەرپرسێکی حیزبی شیوعی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆنگرەی هەشتەممان لە دهۆک بەست و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردردان."
گوتیشی: ئەمڕۆ لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە هەولێر، ئەبوو کاروان بە سکرتێری حیزب و هیوا عومەر بە جێگر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران."
ئەبوو کاروان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی (حیزبی شیوعیی کوردستان) بوو.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، لە هەولێر بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنگرە ببەسترێت بۆ پەسندکردنی سکرتێر و جێگرەکەی لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی.
ئەو بەرپرسە گوتی: شێوازی کارکردن و رێکارەکانی حیزبەکە لە رووی سیاسی و تازەکردنەوەی ئۆرگانە ناوخۆییەکان دەگۆڕدرێت.
حیزبی شوعی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لەگەڵ لیستی هاوپەیمانی بەشداری کردبوو، هاوپەیمانێتییەکە یەک کورسیی بەدەستهێنا.
کۆنگرەی حەوتەمی حیزبی شوعی لە ساڵی 2021 بەسترا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ