رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی بەرەی گەل دەڵێت، ئەمڕۆ سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیان کردووە و سكاڵایان تۆمارکردووە و هەموو بەڵگەکانیان پێداون. باسی لەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەبارەی دۆخی کاک لاهوورەوە نازانین، داوای بینینیمان کردووە."
رۆژی یەکشەممە، 24ی ئابی 2025، سابیر عەبدولڕەحمان، ئەندامی سەرکردایەتیی بەرەی گەل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە مەبەستی گەیاندنی کێشەکان سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤمان کرد و سکاڵامان لەسەر رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو تۆمارکرد، هەموو بەڵگە و دیکۆمێنتەکانمان خاڵ بە خاڵ پێداون کە چۆن هێرشیان کردووەتە سەر کاک لاهوور، چەند کوژراو و بریندار هەن و چۆن دەستیان بەسەر راگەیاندنەکەدا گرتووە و هەموو وردەکارییەکانی دیکەش."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بەرەی گەل دەڵێت، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە بابەتی موڵک و ماڵی داوایان لێکردوون کەسێک لە خێزانەکەی سەردانیان بکات یان تەلەفۆنیان بۆ بکات.
سابیر عەبدوڵڕەحمان گوتی: "تاوەکو ئێستا نازانین کاک لاهوور لە کوێیە و تەندروستیی چۆنە، ئەوەی لەبارەیەوە دەزانین هەر ئەوەیە کە لە راگەیاندنەکان باس دەکرێت، بۆیە داوامان لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کردووە بتوانین بیبینین و لە تەندروستیی دڵنیابینەوە."
سەبارەت بە وەڵامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەرامبەر داواکارییەکانی بەرەی گەل، سابیر عەبدولڕەحمان گوتی: "دەستەکە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو کەیسە دەکەن و پێیان گوتین ئەوەی لە توانایاندا بێت، دەیکەن."
شەوی 21-08-2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی داوایان لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل کرد خۆی رادەست بکات و رایانگەیاند کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، بەڵام ئەو رەتیکردەوە.
دوای نزیکەی سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، شەڕەکە کۆتاییهات و لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و چەند کەسێکی دیکە دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ