ژێرنووسی راستەوخۆی کوردی بۆ ڤیدیۆی زمانە جیاوازەکان زیادکرا

24-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی چەند هاوڕێیەکی، توانیویانە بۆ وەرگێڕانی راستەوخۆی ڤیدیۆی زمانە جیاوازەکانی جیهان ژێرنووسی کوردی شێوەزاری سۆرانی زیادبکەن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2023، بۆکان جاف، کە دێڤەڵۆپەرێکی کوردە و یەکێک بووە لەو کەسانەی کاری بۆ زیادکردنی زمانی کوردی لە پلاتفۆرمەکانی گووگڵدا کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوێنێوە پڕۆسەی وەرگێڕانی راستەوخۆ بۆ ژێرنووسی ڤیدیۆ لە زمانە جیهانییەکانەوە بۆ شێوەزاری سۆرانی زیادکراوە".
 
بۆکان جاف گوتی، هەر هاونیشتمانییەک بیەوێت تەماشای فیلمێک یان گوتارێک یان هەر قسەکردنێک لە ڤیدیۆدا بکات، ئەگەر کەسی قسەکەر بە ئینگلیزی، ئیتاڵی، فەرەنسی یان هەر زمانێکی دیکە قسەبکات راستەوخۆ دەتوانێت بە ژێرنووسی کوردی بیبینێت.
 
بۆکان جاف ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر وەرگێڕان بۆ ڤیدیۆ هەبووە بەو مەرجەی ڤیدیۆکە خۆی ژێرنووسی بە زمانێکی دیکە هەبووبێت، بەڵام لە پڕۆژە نوێیەکەی ئەواندا ژێرنووسەکە وەرگێڕانی راستەوخۆی قسەکەرەکەیە و پەیوەندی بە هەبوونی ژێرنووس بە زمانێکی دیکە نییە.
 
بۆکان جاف کە دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرسە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتی، وەرگێڕانەکە بۆ سەر زمانی کوردی تەنیا یوتیووب نییە و هەر ڤیدیۆیەک لەهەر ماڵپەڕێکی ئینتەرنێتیدا هەبێت هاونیشتمانیان دەتوانن راستەوخۆ بە ژێرنووسی کوردی بیبینن؛ گوتیشی، "دوای بینینی هەموو ڤیدیۆیەک، دەتوانی تێکستی ژێرنووسەکە کۆپی بکەیت."
 
"سەرقاڵی وەرگێڕانی سۆرانین بەشێوەی دەنگیی بۆ گووگڵ"
 
پڕۆژەی داهاتووی بۆکان جاف و هاوڕێکانی، زیادکردنی وەرگێڕانی دەنگییە بۆ شێوەزاری سۆرانی لە گووگڵ، لەمبارەیەوە بۆکان جاف گوتی، "ئێستا کۆمپانیای گووگڵ سەرقاڵی دروستکردنی سۆفتوێرێکن کە شیاو بێت بۆ زیادکردنی بەشی دەنگیی بۆ شێوەزاری سۆرانی. قۆناخی دووەم کۆکردنەوەی وشە و رستەکانی کوردیی سۆرانی دەبێت، دواتر دەبێت وشە و رستەکان تۆمار بکرێن."
 
بۆ زیاترکردنی وەرگێڕانی دەنگی سۆرانی، گووگڵ پێویستی بە 700 بۆ 800 کاژێر دەنگی تۆمارکراوە. دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس گوتی، "بۆ قۆناخی تۆمارکردنی دەنگ پێویستمان بە زیاتر لە یەک ملیۆن و وشە و رستەی کوردییە".
 
بۆ خوێندنەوەی وشە و رستە کوردییەکان پێویستی بە زیاتر لە هەزار هاونیشتمانی خۆبەش لە هەردوو رەگەز دەبێت.
 
بۆکان جاف ئاماژەی بەوەکرد، هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی هەنگاو و پڕۆژەکانیان دەکەن، بەڵام لەڕووی مادییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیچ لایەن و کەسێک هاوکاریی نەکردوون؛ گوتیشی، لە رووی مەعنەوییەوە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هاوکاریی کردوون و دەرگای کۆمپانیا جیهانییەکانی بەڕوودا کردوونەتەوە.
 
11ی ئایاری 2022، بۆکان جاف و چەند هاوڕێیەکی توانییان کوردیی شێوەزاری سۆرانیی بخەنە نێو خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵەوە.
 
بۆکان جاف، کە لە دایکبووی ساڵی 1991ـە و دانیشتووی هەڵەبجەیە، بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە، لە ساڵی 2015ـەوە بووەتە ئەندامی کۆمەڵگەی گووگڵ و لە ساڵی 2019دا کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستانی دامەزراندووە.
 
بەگوێرەی کۆمپانیای گووگڵ، نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی قسە دەکەن. جگە لە بەشێکی باشووری کوردستان، شێوەزاری سۆرانی لە بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش گفتوگۆی پێدەکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە