رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، بە هاوکاریی ئاسایشی هەولێر دەستیانگرتووە بەسەر 51 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، کە بەشی 100 هەزار جار بەکارهێنان بووە.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، دوێنێ بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی بەداواداچوون و چاودێری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشـی هەولێر، دەستیانگرتووە بەسەر 51 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاند، "لە چالاکییەکەیاندا 3 تۆمەتبار دەستگیرکران، کە ماوەیەکی زۆرە کاری بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو مادەیەی دەستی بەسەردا گیراوە، بەشی زیاتر لە 100 هەزار جار بەکارهێنانە.
19ـی ئەم مانگە، نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە و دەستیانگرتووە بەسەر کیلۆیەک مادەی هۆشبەردا.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری چاکسازییەکان بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان 5 هەزار و 204 سزادراو لە حەوت چاکسازیدا سزاکانیان بەسەر دەبەن؛ لەو ژمارەیە هەزار و 60 کەسیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە سزادراوان کە دەکاتە 20٪ی کۆی سزادراوانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ