کوردستان
بە ئامادەبوونی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی ئاهەنگی دەرچووانی خوێندکارانی زانکۆی نەورۆز لە دهۆک بەڕێوەچوو. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی دەرچوونی هەردوو خولی 14 و 15ی خوێندکارانی زانکۆی نەورۆزی تایبەت لە دهۆک، ئێوارەی یەکشەممە 24-10-2021 بە ئامادەبوونی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی حکومەت بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2019-2020 و دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2020-2021 . ساڵی رابردوو بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زانکۆی نەورۆز ئاهەنگی دەرچوونی نەگێڕا، هەربۆیە ئەمساڵ ئاهەنگەکە بۆ دەرچووانی 2020-2021 و 2019-2020 بوو. ژمارەی دەرچووانی ئەمساڵ 828 خوێندکار و ژمارەی دەرچووانی ساڵی رابردووش 830 خوێندکار بوو.
خوێندکارانی کۆلێژەکانی زانکۆی نەورۆز بەپێی دامەزراندنی کۆلیژەکانیان پۆل پۆل چوونە سەر ستەیج.
کۆلێژی یاسا و رامیاریی زانکۆی نەورۆز کە لقەکانی یاسایی و زانستە سیاسییەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دامەزراندنی زانکۆکە لە ساڵی 2004 کرایەوە و خوێندکاری وەرگرت.
هەروەها کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریش ساڵی 2004 کراوەتەوە و بەشەکانی ئابووری، کارگێڕیی کار، زانستەکانی بانک، ژمێریاری و زانستەکانی گەشتیاری لەخۆدەگرێت.
- کۆلێژی زانست لە زانکۆی نەورۆز ساڵی 2009 کراوەتەوە و لە هەردوو بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر و گرافیک دیزاین پێکدێت.
- کۆلیژی زمان لە زانکۆی نەورۆز ساڵی 2009 دامەزراوە کە بەشەکانی زمانی ئینگلیزی، زمانی کوردی، وەرگێڕان و کوردۆلۆژی هەیە.
- کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی نەورۆز ساڵی 2013 دامەزراوە کە بەشەکانی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر، پرۆگرامسازی و ئەندازیاریی تەلارسازی لەخۆدەگرێت.
زانکۆی نەورۆز زیاتر لە 300 مامۆستا و وانەبیژی هەیە
دوای ئەوەی دەرچووانی زانکۆی نەورۆز چوونە سەر ستەیج، ستافی مامۆستای زانکۆکەش لەسەر ستەیج وەستان؛ ئەو زانکۆیە ئێستا زیاتر لە 300 مامۆستا و وانەبیژی هەیە. لەگەڵ خوێندنەوەی سروودی نیشتمانیی عێراق و سروودی نیشتمانیی کوردستان، ئامادەبووان خولەکێک وەستانی رێزیان پیشاندا.
نزیکەی 10 هەزار خوێندکار تاوەکو ئێستا لە زانکۆی نەورۆز دەرچوون
پڕۆفیسۆر د. عەبدولوەهاب خالید، سەرۆکی زانکۆی نەورۆز گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی کرد کە نزیکەی 10 هەزار خوێندکار تاوەکو ئێستا لە زانکۆی نەورۆز دەرچوون و بڕوانامەیان وەرگرتووە.
سەرۆکی زانکۆی نەورۆز هەروەها خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی لە دۆخە نائاساییەکاندا هاوکاریی خویندکارانی خۆیانیان کردووە، لە بابەتی کرێی خوێندنیشدا ئاسانکاریی زۆریان بۆ خانەوادەی شەهیدان و نەداران کردووە.
پڕۆفیسۆر د. عەبدولوەهاب خالید رووی دەمی کردە حکومەت و کەرتی تایبەت و داوای لێکردن هاوکاریی دەرچووانیان بکەن لە دەستبەکاربوون.
پرۆفیسۆر دکتۆر غازی زێباری، بەڕێوەبەری سەنتەری جۆنسن ماکدۆناڵ بۆ چاندنی ئەندامانی جەستەش گوتاریکی پێشکێشکرد و رایگەیاند:'' پەروەردە و خوێندن کارێکی ئاسان نییە و پرۆسەیەکە پێویستی بە ماندووبوونە؛ ئەوە نەوەک هەر بۆ خوێندکاران، بەڵکو بۆ مامۆستاین و خانەوادەکانیشیان ئاسان نییە. سوپاس بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت وەزارەتی پەروەردە کە بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەوە و بەم هۆیەوە پرۆسەی خوێندن دوانەکەوت".
دوای هەڵدانی کڵاوی دەرچوون لەلایەن خوێندکارانەوە، هەریەک لە ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی گەیاندن، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکە چوونە سەر ستەیج و وێنەی یادەوەرییان گرت.
د. عەبدولوەهاب خالید: بە خۆشحاڵییەوە خوێندکارەکانمان بەهۆی لێهاتووییان کاریان دەستکەوتووە
هەر رۆژی یەکشەممە و بەر لە ئاهەنگەکە د. عەبدولوەهاب خالید، سەرۆکی زانکۆی نەورۆز بەشداریی لە بوولتەنێکی هەوڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و باسی زانکۆی نەورۆزی کرد و گوتی بیر لەوە دەکەنەوە کە خوێندکارەکانیان لەدوای دەرچوون تەنیا چاویان لە حکومەت نەبێت و بتوانن لە کەرتی تایبەتیشدا کار بدۆزنەوە و گوتیشی "بە خۆشحاڵییەوە کاریشیان دۆزیوەتەوە و بەهۆی لێهاتووییان کاریان دەستکەوتووە."
سەرۆکی زانکۆی نەورۆز لەبارەی دامەزراندنی خوێندکارانی دەرچوو، گوتی:" زانکۆ بەردەوام هەوڵ بۆ دامەزراندنیان دەدات و پەیوەندی لەگەڵ دەرچووان ناپچڕێت، دەرچووی ئەندازیاریی تەلارسازی و گەیاندن، زۆربەیان دادەمەزرێن و دەرچووانی کۆلێژی یاسا زۆربەیان کاری پارێزەری دەکەن؛ دەرچووانی کارگێڕی و ئابووری، دەرفەتیان لە کۆمپانیاکان دەستدەکەوێت؛ دەرچووانی کۆلێژی زمانیش لە کۆمپانیا و کۆنسوڵخانەکان دەرفەتی کاریان بۆ رەخساوە،؛ بەپێی ئامارەکانی ئێمە، تاوەکو ئێستا 15-17٪ـی دەرچووانی پێشوو کاریان دەستکەوتووە، هەروەها لەگەڵ ژووری بازرگانی و رێکخراوە ناحکومییەکانیش هاوئاهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی پێویستیان بە کار هەبێت دەرفەت بۆ دەرچووان بڕەخسێنین."
زانکۆی نەورۆز داواکارییەکی پێشکێشی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە بۆ ئەوەی بەشی دیکە بکاتەوە. لەوبارەوە دکتۆر عەبدولوەهاب خالید گوتی:"داوامان بۆ کردنەوەی چەند بەشێکی نوێ داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە دیاریکراوی پزیشکی ددان، بایۆلۆجی و کیمیا؛ تاوەکو ئێستا وەزارەت رەزامەندی لەسەر نەداوە، بەڵام دەبێ ئەو داوایەمان لەبەرچاو بگرن، چونکە ناوچەکەمان پێویستی بە پزیشکە، بەتایبەت پزیشکی ددان؛ پێمانوایە کردنەوەی ئەو بەشانە پێویستییەکە بۆ خەڵکی ناوچەکە و ئەگەر ئەو دەرفەتەمان پێبدەن، خوێندکارانمان پەنا نابەنە بەر وڵاتانی دەرەوە و خەرجییەکی زۆربکەن و رەنگە وەکو پێویستیش فێری زانستەکە نەکرێن."
نەورۆز یەکەمین زانکۆی کەرتی تایبەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ساڵی 2004 دامەزراوە. 5 کۆلێژی هەن و بە گشتی 17 بەشی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ