رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ د. مەجید حەققی، چالاکڤانی سیاسیی کورد لە فینلەندا لەلایەن هاووڵاتییەکی عێراقییەوە هێرشی کرایە سەر و بریندارکرا.
د. مەجید حەققی، ئەو هاونیشتمانییەیە و ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە کار گەڕامەوە و کاتێک لە پاس دابەزیم، کەسێک کە دەموچاوی داپۆشیبوو لە دواوە هێرشی کردە سەرم".
ئەو چالاکڤانە سیاسییە دەڵێت، "کاتێک هێرشی کردە سەرم، سەرم بەر رەسیفی شەقامەکە کەوت و بە دەمدا کەوتم، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوو لە لێدانم؛ دوایی خەڵکەکە لەژێر دەستی دەریانهێنام. کاتێک هەستامەوە، بینیم سەرم شکاوە و دەموچاوم بەهۆی بەرکەوتنی بە شەقامەکە برینداربووە".
دوای جیاکردنەوەیان، خەڵک رێگە بە هەڵاتنی هێرشبەرەکە نادەن تاوەکو پۆلیسی فینلەندا دەگاتە شوێنەکە و دەستبەسەری دەکەن. د. مەجید حەققی ئەو کاتە دەزانێت کە هێرشبەرەکە هاوکاری پێشووی خۆیەتی و دەڵێت، "هەفتەی رابردووش نامەی هەڕەشەئامێزی بۆ ناردبووم".
بە گوتەی د. مەجید حەققی، "هەفتەی پێشوو لە رێگەی مێسینجەری فەیسبووکەوە نامەیەکی هەڕەشەئامێزی بۆ ناردم و نووسیبووی خۆت و کچەکەشت دەکوژم. هەر ئەو کات هاوسەرەکەم داوای لێ کردم لای پۆلیس سکاڵای لەسەر تۆمار بکەم، بەڵام من بە هەندم وەرنەگرت و نەچووم".

ئەو چالاکڤانه سیاسییە کە هاوکات مامۆستای زانکۆیە لە هێلسینکی، گومان دەکات بەهۆی هەڵوێستەکانی "بەرامبەر شەڕی حەماس و دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی ئێران لەو شەڕەدا، ئەو کەسە هێرشی کردبێتە سەرم" و ئاماژەی پێدەدات، "پێشتریش کە هاوکار بووین، چەند جارێک بەهۆی وتار و چاوپێکەوتنە میدیاییەکانم کە دژی سیاسەتەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەم کردووە، ئەو کەسە کە خۆی عەرەبی شیعەی عێراقییە، دژم وەستاوەتەوە".
ئێستا هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسی هێلسینکییەوە دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. مەجید حەققی دەڵێت، پۆلیس گوتەی لێ وەرگرتووە و ئەو بەڵگانەش کە لای بوون بۆ سەلماندنی هەڕەشەکە، رادەستی پۆلیسیان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ