رووداو دیجیتاڵ
گەڕەکی زۆراڤا، یەکێکە لە گەڕەکە کوردییەکان لە دیمەشق و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 150 هەزار کەس دەبێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئەم گەڕەکە هەزاران قوتابی و خوێندکار لە پۆلی یەکەمەوە تاوەکو پۆلی دوازدەهەم لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی جەنگ و کۆچ و ئاوارەییەوە، دیاریکردنی ژمارەی تەواویان بە وردی قورسە.
ئەم گەڕەکە قوتابخانەی تایبەت بە قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی نییە، بە بیانووی ئەوەی کە وەک "عەشوائیات و سەرپێچی" پۆلێن کراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆر گەڕەکی دیکە هەن عەشوائیات و سەرپێچیشیان تێدایە، بەڵام قوتابخانە و دامەزراوە فەرمییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکەیان تێدایە.
قوتابخانەکان لە گەڕەکی زۆراڤاوە بە دووریی جیاواز و نزیکەی 5 بۆ 20 کیلۆمەتر دوورن. کەشوهەوای گەرم و ساردیش سەختیی رێگەکە بۆ قوتابییان زیاتر دەکات. ئەم دۆخە وا دەکات خێزانەکان ناچار بن منداڵەکانیان بە ئۆتۆمبێلی کرێ بنێرن بۆ قوتابخانەکانی گەڕەکە دراوسێکانی زۆراڤا. کرێی گواستنەوەی هەر قوتابییەکیش بەپێی دووریی قوتابخانەکەی جیاوازە.
لەیلا یەحیا، دایکی دوو قوتابییە بە رووداوی گوت: "هەندێک کەس 200 هەزار لیرەی سووری دەدەن، هەندێکی دیکە 150 هەزار لیرە، هەتا 300 هەزار لیرە، هەموو کەسیش توانای دابینکردنی ئەوەی نییە، چونکە هەندێک خێزان دوو یان سێ یان چوار منداڵیان هەیە، ئەوکاتە بڕەکە زۆر زۆر دەبێت". ئەمەش بارگرانییەکی زۆر لەسەر خێزانەکان دروست دەکات، بەتایبەتی لە ڕووی دارایی، دەروونی و مەعنەوییشەوە.
وەزیری پەروەردە لە حکومەتی سووریا، کە کوردە و خەڵکی هەر ئەو گەڕەکەیە، دەڵێت بۆ دروستکردنی قوتابخانە لەو گەڕەکە پلانیان هەیە و بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە پلانمان هەیە قوتابخانەیەک لە زۆراڤا دروست بکەین و شوێنێک بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە دیاری دەکەین، چونکە منداڵان مافی خۆیانە قوتابخانەکانیان نزیک بێت لە ماڵەکانیانەوە، هەروەها پڕۆژەی تایبەت بە زمانی کوردیشمان دەبێت".
زۆراڤا یەکێکە لە گەڕەکەکانی دیمەشق کە بە زۆرینەی کوردی ناسراوە، کوردەکان لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دروستیان کردووە و نیشتەجێ بوون، لە نەوەدەکاندا ژمارەیان زیاتر بووە. کوردەکان شەوان خانووەکانیان دروست دەکرد و حکومەت رۆژانە تێکیدەدایەوە، بەڵام بەردەوام بوون لە دروستکردن تا بووە گەڕێکی گەورە.
سەرەڕای رێگرییەکان بە درێژایی ئەم ساڵانە تائێستا، لە گرنگترین خزمەتگوزارییە سەرەکییە رێکخراوەییەکان بێبەش بووە، بە جۆرێک کە گەڕەکەکە لە خراپیی تۆڕی ئاوەڕۆ، ئاو، کارەبا، شەقام و کۆڵانەکانەوە دەناڵێنێت. دانیشتوانی زۆراڤا هیوادارن گەڕەکەکەیان لەلایەن حکومەتە نوێیەوە بایەخی پێ بدرێت و کۆتایی بە کێشە درێژخایەنەکانیان بهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ