رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش لە راگەیێندراوێکدا داوا لەو کوردە ئێزدییانە دەکات لە کەمپی هۆل رزگاریان بووە پەیوەندییان پێوە بکەن. بەرپرسی نووسینگەکە دەڵێت: "لە هەرکوێ بن خێرا بە هانایانەوە دەچین".
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعشدا هاتووە: "دوای هەڵاتنی بەشێک لە دانیشتووانی کەمپی هۆل ئێستا ئەوان ئازادن و دەتوانن پەیوەندی بە ئێمەوە بکەین بۆ هاوکاری؛ کەسوکار چاوەڕێیانە و کەس ناتوانێت زیانتان پێ بگەیێنێت".
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی رووداوەکانی سووریاوە بەشێکی دانیشتووانی کەمپی هۆل هەڵاتوون و لەنێو ئەواندا کوردانی ئێزدی هەن، داوا دەکەین بێ ترس پەیوەندی بە ئێمەوە بکەین بۆ ئەوەی رزگاریان بکەین".
هەر کوردێکی ئێزدی لە دەرەوەی کەمپی هۆلە و توانیویەتی خۆی رزگاربکات، دەتوانێت پەیوەندی بەم ژمارانەوە بکات و بۆ ئەوەی بە هانایەوە بچن: (009647504676173 – 009647504458024 – 009647502212982).
حوسێن قائیدی گوتی: "هەر ئێزدییەک پەیوەندی بکات لە هەموو شارەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان نوێنەرمان هەیە و خێرا بە هانایەوە دەچن و دەیگەڕێنینەوە نێو کەسوکارەکەی".
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 2 هەزار و 500 کوردی ئێزدی چارەنووسیان نادیارە، کە لە هێرشی چەکدارانی داعشدا لە 03ـی ئابی 2014 رفێندرابوون.
سێشەممە 20-01-2026، هەسەدە بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە کەمپی هۆل راگەیاند و هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ "بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" و هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا کە وایکردووە هێزەکانیان بۆ پاراستنی شارەکان بگوازنەوە.
بەگوێرەی دوایین ئامار کە دوو رۆژ پێش چۆڵکردنی کەمپەکە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە رووداوی دابوو، لە کەمپی هۆل 6 هەزار و 846 خێزان هەبوون، کە ژمارەیان 24 هەزار و 384 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ