رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تووندبوونی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ، خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی بەرەو تەواوبوون دەچن. هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد دەڵێت، بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین و سەرماوە شەش منداڵ گیانیان لەدەستداوە و "ئارد دەست ناکەوێت."
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەمارۆی تووندی سەر کۆبانێ ئەمڕۆ دەبێتە پێنج رۆژ و شارەکە نزیکە لە تووشبوون بە کارەساتی مرۆیی."
دۆخی خزمەتگوزاری لە شارەکە لە ئاستێکی مەترسیداردایە، نزیکەی 10 رۆژە کارەبا و ئینتەرنێت لە کۆبانێ بڕاوە.
هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد ئاشکرای کرد، "لەم پێنج رۆژەدا پێنج منداڵی بچووک بەهۆی نەبوونی دەرمان و سووتەمەنی و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، ئێوارەی دوێنێش منداڵێکی ساوا بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە لە نەخۆشخانەی کۆبانێ گیانی لەدەستدا."
بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریاوە، خەڵکێکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێوە ئاوارەی نێو سەنتەری شارەکە بوون و پێویستیی خێرایان بە جلوبەرگ، بەتانی و سووتەمەنییە.
هەدیە عەبدوڵڵا دەڵێت، "دۆخی کۆبانێ زۆر خراپە، پێویستیی بەپەلە بە دەرمان، خۆراک و ئاوە؛ ئاویش نەماوە و نان بە تەواوی کەم بووەتەوە، تەنانەت ئارد دەست ناکەوێت."
سەبارەت بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیش گوتی، "دەنگۆی ناردنی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەک بە کۆبانێ نەگەیشتووە."
گەمارۆی سەر کۆبانێ دوای ئەوە دێت، بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریاوە، بەشێکی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەدەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەرهێندران و بووە هۆی دابڕینی ئەو شارە لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ