رووداو دیجیتاڵ
لە ئاگری، پۆلیس هێرشی کردە سەر گرووپێک کە بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان گردببوونەوە و لانیکەم 20 کەسی دەستبەسەر کرد. لە مووش-یش دژی هێرشەکان راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە. لە مێردین کچانی باکوور درووشمی "هەر تاڵێک لە قژمان بەرخۆدانمان بەهێز دەکات". رێپێوانیان کرد.
دژی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هاونیشتمانییان لە هەردوو پارێزگای ئاگری و مووش لە باکووری کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، جارێکی دیکە هاتنەوە سەر شەقامەکان.
لە ئاگری، رێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، لە شەقامی کۆماری دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان گردبوونەوە. لەو کاتەدا پۆلیس رێگری لێکردن و دەستوەردانی کرد.
بەهۆی هێرشی پۆلیسەوە ژمارەیەکی زۆر کەس بریندار بوون، هاوکات کاسبکار و خەڵکی ناوچەکەش بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا" پشتیوانییان لە خۆپێشاندەران کرد. لە هێرشەکەدا، سەرهات یڵماز کۆرئۆغڵو، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئاگری و نزیکەی 20 کەسی دیکە دەستبەسەر کران.
خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، بە درووشمەوە تاوەکو بەردەم بارەگای دەم پارتی رێپێوانیان کرد.
هەر ئەمڕۆ لە شارۆچکەی 'تل'ی سەر بە پارێزگای مووش، دەیان کەس لەسەر بانگەوازی پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراسییەکان گردبوونەوە و سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد. هاونیشتمانییان لە بەردەم بارەگای رێکخستنی دەم پارتییەوە بە درووشمەوە تاوەکو شوێنی کۆبوونەوەکە رۆیشتن.
مەحموود یوکسەل، هاوسەرۆکی لقی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە شارۆچکەی تل لە گوتارێکدا رایگەیاند، گەلی کورد دژی هێرشەکان دەوەستێتەوە. دواتر سومەیە بۆز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مووش ئاماژەی بە گەمارۆی سەر کۆبانێ و شارەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، "تاوەکو کۆبانێ و رۆژئاوا ئازاد نەبن، گەلی کورد ئازاد نابێت."
سومەیە بۆز، لە کۆتاییدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم دامەزراوە دیموکراسییەکان کرد روو لە رۆژئاوای کوردستان بکەن. کۆبوونەوەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا" کۆتایی هات.
لە شارۆچکەی کەربۆرانی مێردین، سەتان کەس بە رێپێوانێک سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستانیان کرد و رایانگەیاند، "کورد بە ئازادییەکانی تاقی مەکەنەوە."
جەماوەرەکە لەنێو سەنتەری شارەکە کۆبوونەوە و بە دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا"، "رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان یەک وڵاتن"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "رۆژئاوا روومەتە، روومەتی گەلی کوردە" دەستیان بە رێپێوان کرد.
خۆپێشاندەران پانکارتیان بەدەستەوە بوو کە لەسەریان نووسرابوو، "رۆژئاوا ویژدانە، ئازادییە، بەرخۆدانە، تەسلیم نابێت"، "خاوەنداریکردن لە رۆژئاوا خاوەنداریکردنە لە مرۆڤایەتی" و "هەر تالێک لە قژمان بەرخۆدانمان بەهێز دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ