مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک: 100 هەزار لیتر سووتەمەنی دەنێرینە رۆژئاوای کوردستان

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستی پارتی لە دهۆک دەڵێت، سەرجەم کادیرەکانیان بەپێی توانا، هاوکاریی کاش دەبەخشنە رۆژئاوای کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات، 100 هەزار لیتر سووتەمەنییان بۆ ئاوارەکان دابین کردووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026، کادیرانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، سەردانی یەکێک لە بنکەکانی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد.
 
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''رۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە و هەوڵێکی زۆری دیپلۆماسی لەلایەن سەرۆک بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی پارتی هەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لەو بەشەی کوردستان زیانەکانیان کەم ببێتەوە.''
 
سەربەست لەزگین ئاماژەی بە کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، ''خێرخوازان و خەڵکی ئێمە لە کوردستان کەمتەرخەمییان نەکردووە و ئەوەش ئەرکێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانییە کە پاڵپشتی لە یەکدی بین.''
 
بەگوتەی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک، کادیرەکانیان بە شێوەی تاکە کەسی لە مزگەوتی حاجی ئەحمەدی شارەکە کە بنکەیەکی کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ رۆژئاوای کوردستان، بەگوێرەی توانای خۆیان پارەیان پێشکێشکردووە.
 
سەربەست لەزگین ئەوەشی خستەڕوو، وەک مەکتەبی رێکخستنی پارتیش لە دهۆک، 100 هەزار لیتر سووتەمەنییان ئامادە کردووە و رادەستی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن، بۆ ئەوەی بگاتە رۆژئاوای کوردستان.
 
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکارییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە