رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر لە شارەکە گوڵی بەسەر ژمارەیەک لە شۆفێردا دابەشکرد و داوای لێکردن، بۆ خزمەتکردنی ژینگە لە کاتی وەستان لە ترافیکی شەقامەکاندا ئۆتۆمبێلەکانیان بکوژێننەوە.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر رۆژی یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ 200 گوڵمان بەسەر شۆفێراندا دابەشکرد، لەگەڵ ئەوەدا برووشەرمان پێدان کە هۆشیارکردنەوەیە لەبارەی ژینگە و سوودەکانی کوژاندنەوەی ئۆتۆتۆمبێلەکان لە ترافیکلایتەکاندا."
ساڵی رابردوو 22ـی شوبات بە رۆژی ژینگەی هەولێر دانرا، دڵشاد هیرانی گوتی، چالاکییەکانیان لە رۆژی ژینگەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو چوارشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن.
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە برووشەردا بۆ شۆفێرانیان نووسیوە، "کوژاندنەوەی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەت لە ترافیکلایتەکان، دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردن و کەم بەکارهێنانی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکانی وەک (CO2)، کە بەشدارە لە گەرمبوونی گۆی زەوی، CO بەرپرسە لە ژەهراویبوون، NO2 لە کێشەی هەناسەدان، PM لە تەنگەنەفەسی و رەبۆ، HC لە شێرپەنجە و CO2 لە پیسبوونی ژینگە و هەناسەدان".
22ـی شوبات وەکو دەستپێکی چرۆکردنی گەڵای دارەکان لە هەولێر دانراوە و بەوهۆیەشەوە ئەو رۆژە کراوەتە رۆژی ژینگەی پارێزگاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ