رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کوڕەکەیدا قسەی کرد و رایگەیاند، کوڕەکەی نیڤشکان بووە، بۆیە ئەوەیان قۆستووەتەوە و کوشتوویانە. گوتیشی، "جگە لەو کەسانەی کە دیاریکراون و تاوانەکەیان کردووە، کێشەمان لەگەڵ کەس نییە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 25-04-2023، سەرهەد عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، لەبەردەم ماڵی خۆیان لە چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا. عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک رایگەیاند، "لەبەرئەوەی کوڕەکەم چەند ساڵێک لەمەوبەر لە رووداوێکی هاتووچۆدا کەمئەندام بوو، زۆر خۆشەویست و تایبەت بوو لامان، هیچ پەیوەندییەکیشی بە ململانێی دوژمنداری و سیاسییەوە نەبووە، توانای چەکداریشی نەبووە، مەگەر بۆ خۆشی وێنەی بە چەکەوە گرتبێت."
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک پێیوایە ئەو کارەی بەرامبەر کوڕەکەی کراوە "کارێکی نامرۆڤانە و نامەردییە، ئێمە گەنجێکی زۆرمان هەیە، کوڕ و برام هەیە، کەچی لەو کەمئەندامە ئاڵان، سەرەڕای ئەوەی کە گەنجێکی تایبەت و خۆشەویست بوو لامان، لە سەرووی هەر رووداوێکەوە بەسەرمان بێت، سوپاسی خوای گەورە دەکەین و پەیوەستین بەو رێسایانەی کە شەریعەتی ئیسلام بۆمانی داناوە."
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک داوایەکی ئاراستەی کەسوکاری کرد و گوتی، "داوا لە هەموو خەڵکی خۆمان، ئەندام و لایەنگر، پشتیوان و کەسوکارمان دەکەم، بۆ ئەمڕۆی کوردستان نامانەوێ بەهۆی ئێمەوە دۆخی سیاسی کە خۆی نالەبارە، تێکبچێت، دەبێت ئارامیی هەرێمی کوردستان و شاری خۆشەویستی چەمچەماڵ کە ئێستا نیوەی خەڵکەکەی لێرە کۆبووەتەوە، لە سەرووی رووحی منیشەوە بێت."
ئەو لەسەر بابەتە زیاتر قسەی کرد و گوتیشی، "داوا لە خەڵکی ئێمە، ئەندام و لایەنگر و پشتیوانانمان دەکەم، جگە لەو چەند کەسەی کە دیاریکراون و شاراوەنین، دەست بۆ هیچ هێز و کەس و لایەنێک نەبرێت لە چەمچەماڵ و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، رەچاوی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکەین و دەمانەوێ ئارامیی شارەکەمان و هەرێمی کوردستان بپارێزین، بەهۆی ئێمەوە هیچ رووداوێکی نەخوازراو روونەدا، جگە لەو کەسە دیاریکراوانە ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کەسی دیکەدا نییە."
سەرهەد لەدایکبووی ساڵی 2001 بووە، دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لەوبارەوە بە رووداوی راگەیاند، "هیوادارم ئەو جۆرە رووداوانە کۆتاییان بێت و گەنجەکانمان نەبنە قوربانی، ئێمە هەموو جۆرە کارێکی تووندوتیژی رەتدەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ