فەرمانبەرانی شارەوانیی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە؛ "پێمانی نەدەن دەوام ناکەین"

25-04-2023
نزار جەزا
ژمارەیەک فەرمانبەری شارەوانیی سلێمانی
ژمارەیەک فەرمانبەری شارەوانیی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەی مانگی ئادارەوە، فەرمانبەرانی شارەوانیی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند. دەبوو 18ـی ئەم مانگە مووچەیان وەربگرتایە، بەڵام هەفتەیەک بەسەریدا تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا لە چاوەڕوانیی مووچەدان.
 
رزگار رەسوول، فەرمانبەری شارەوانیی سلێمانییە و بە رووداوی گوت، "بە گشتی [پێنەدانی مووچە] گرفتی بۆ هەموومان دروستکردووە و ناشزانین بۆچی مووچەمان پێنادەن. رۆژانە زیاتر لە 400 کەس سەردانی شارەوانیی سلێمانی دەکات، ئێستاش کە بایکۆتمان کردووە، هەموویانمان ناردووەتەوە و کارەکانمان بۆ نەکردوون."
 
ئەنوەر محەممەد، فەرمانبەرێکی دیکەی شارەوانیی سلێمانییە و دەڵێت، "ئۆتۆمبێل بە بەنزین دەڕوات، ئەگەر نەبێت، ئۆتۆمبێلەکەش ناڕوات، ئێمەش کە فەرمانبەرین هەر بە مووچە کاردەکەین، ئەگەر پێمانی نەدەن دەوام ناکەین و لە بایکۆت بەردەوام دەبین."
 
بایکۆتی فەرمانبەران گرفتی بۆ هاونشتمانییان دروستکردووە. کارزان حەمەساڵح، هاونیشتمانی باس لەوە دەکات، "کە مووچە دابەش نەکرێت، فەرمانبەرانیش مافی خۆیانە بایکۆت بکەن، چونکە بژێویی ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیەیە، لەکۆتاییشدا هاونیشتمانییان دەبێت باجی ئەمە بدەن."
 
فریاد محەممەد، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "لەگەڵ ئەوەی ئیش و کاری خەڵک هەمووی وەستاوە، بەڵام فەرمانبەرانیش مافی خۆیانە مووچە وەربگرن. بەداخەوەش حکومەتى هەرێمی کوردستان قەیرانێکی لەم دەڤەرە دروستکردووە مەگەر تەنیا بە خودا چارەسەربکرێت، ئەگەرنا بە ئەوان چارەسەرنابێت."
 
شارەوانیی سلێمانی بایکۆتی فەرمانبەرەکان بە مافی خۆیان دەزانێت و داواکارە زوو مووچەیان بۆ خەرجبکرێت.
 
سەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی گوتی، "سەرجەم ئەو شوێنانەی کە مووچەیان وەرنەگرتووە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و پێنج بەڕێوەبەرایەتییەکەن، بایکۆتی دەوامیان کردووە، هەرچەندە پێش جەژنیش سەرۆکی شارەوانی زۆر هەوڵی دابینکردنی مووچەیدا، بەڵام نەتوانرا، ئەمڕۆش کە دەوام کراوەتەوە و مووچە دابەشنەکرا، فەرمانبەران مافی خۆیانە بایکۆت بکەن."
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیار و 300 ملیۆن دینارە، تەنیا بۆ مانگی ئادار 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار نێردراوە، واتە %80ـی مووچە بۆ پارێزگاکە دابین کراوە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە، دەبێت لە داهاتی ناوخۆی شارەکە بدرێت.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سێ گرفتی سەرەکی بۆ دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی دیاریکردووە: کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی پارێزگاکە، رێککەوتنی دابەشکردنی داهات بە رێژەی 43٪ بە 57٪ و نەمانی پارەی کاش لە بانکەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زانکۆی سەڵاحەدین

زانکۆی سەڵاحەدین: سەرجەم یەکەمەکان بۆ خوێندنی باڵا دەنێردرێنە ئیتاڵیا

زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، یەکەمەکانی زانکۆکەیان لە ساڵی خوێندنی پێشوو دەتوانن داوای بۆ خوێندنی ماستەر لە ئیتاڵیا پێشکەش بکەن. بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت: "تێچووی خوێندنەکە لەسەر زانکۆکەمان دەبێت".