کوردستان
دوو کۆڵبەر لەسەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە.
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژدا لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کۆڵبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێدەکرێت و بریندار دەکرێن.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، گەنجێکی خەڵکی سەوڵاوای پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی عەلی محەممەدیی تەمەن 23 ساڵ، لەکاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامان، بە تەقەی پاسەوانانی سنووریی ئێران بریندار کرا.
بەپێی زانیارییەکان، عەلی محەممەدی گولـلە بەر قاچی کەوتووە و دواتر لەلایەن هاونیشتمانییانەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
ملەی تەتە دەکەوێتە نێوان شارەکانی پاوە و مەریوان لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە. یەک لە رێگەکانی هاتووچۆی کۆڵبەرانە بۆ ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان کە لەو رێگەیەوە زیاتر کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ و جلوبەرگ دەگوازنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
رۆژی سێشەممەش هەر لەو سنوورە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە. خەلیل پەرویزیی تەمەن 40 ساڵی خەڵکی مەریوان بریندار بووە و تاوەکو ئێستاش لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدایە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، کە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆڵبەران دەکات، لە 21-03-2023ـوە تاوەکو 21-03-2024، لانیکەم 444 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بریندار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ