رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، ئامادەکاری تەواو بۆ بەستنی کۆنفرانسی گۆڕان کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر نیوە کۆ یەک بەشداربن، کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت. بەرپرسێکی باڵی گردی زەرگەتەی گۆڕانیش دەڵێت، پەلەپەل بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە کراوە و رەنگە سبەی رێژەی یاسایی ئامادە نەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 25ی نیسان، ئەحمەد ئەیاد، یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە سبەی شەممە وەک رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکراوە و ئەگەر لە کۆی 2100 کەس، نیوە کۆ یەکی بەشدار بێت، کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت."
ئەحمەد ئەیاد دەڵێت: "سەرجەم کاروبار و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تەواوکراون و سبەی سەرپەرشتی کۆنفرانسەکە دەکەین."
هاوکات نزار مهحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە باڵی گردی زەرگەتە بە رووداوی گوت: "بەو پەلەپەلەی کراوە بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە، سبەی رەنگە رێژەی یاسایی بەشدارانی کۆنفرانسەکە تەواو نەبێت."
نزار مهحموود گوتیشی: "کێشەکە زیاتر لە کۆمیسیۆنە نەوەک خۆمان، چونکە ئێمە پێشتر کۆنفرانسێکمان کردووە، کەچی هێشتا کۆمیسیۆن پەسندی نەکردووە و یەکلاییشی نەکردووەتەوە کە ئایا پەسندی دەکات یان نا."
بە گوتەی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، زۆرینەی ئەوانەی ناویان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا هەیە لە لایەنی ئێمەن."
لەبارەی ئەگەری ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە، یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکانى کۆمیسیۆنى ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "ئەگەر رێژەی یاسایی تەواو نەبێت، دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئەو یەکلایی دەکاتەوە کە کەی جارێکی دیکە کۆنفرانسەکە بەڕێوەبچێت."
ئەمڕۆ باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە بریارێکى کۆمیسیۆن سبەینێ بۆ کۆنفرانسێکى نوێ دانراوە، کە لە رووى یاساییەوە تاوەکو وەڵامى کۆنفرانسەکەی پێشوومان وەرنەگرینەوە، کۆنفرانسى 26ى 4ى 2025 خەوشى یاسایی لەسەرە و لەم رووەوە دڵنیاین سبەینێ رێژەی یاسایی تەواو نابێت."
ئەو باڵەی بزووتنەوەی گۆڕان راشیگەیاندووە: "پابەندى خۆمان بە هەمو رێکارێکى یاسایی رادەگەیەنین. بە راى گشتیش رادەگەیەنین، بەپێى یاسا دەبێت 1064 کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادەبن. بۆیە بەرپرسیارێتى یاسایی سەبارەت بە رێژەى یاسایی دەخەینە ئەستۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەبێت خۆی دوور بگرێ لە هەر دەستوەردانێکی نایاسایی."
گۆڕان ئێستا دوو ئاراستەیە؛ ئاراستەی گەڕەکی کوردسات و ئاراستەی گردی زەرگەتە، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بەبێ ناوهێنانی هیچ ئاراستەیەکیان، رۆژی 16ـی ئەم مانگە نووسراوێکی بۆ بزووتنەوەکە کرد و رۆژی 26ی نیسانی وەکو رۆژی بەستنی کۆنفرانس بۆ دیاری کرد و ناچاریشی کردوون، تەنیا ئەو ناوانە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن کە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی حیزبەکە و بەر لە کێشە نێوخۆییەکانیان لە ساڵی 2017 تۆمار کراون.
5ی ئەم مانگە، باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی گشتی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند: "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداری نەکردووە".
باڵی کوردساتى بزووتنەوەکە رایگەیاندووە، بە نووسراوی ژمارەی 875 کە لە 27-03-2025 دەرچووە، ئاگادارکراوبوونەوە کە 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن و دواتر دواخراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ