کوردستان
وێنەیەکی پێشووتری کۆبوونەوەی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان و وێنەیەکی ئەو هۆڵەی کۆنفرانسەکەی لێ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 26ی نیسانی 2025 دوای هەوڵ و گفتوگۆی زۆر، لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان کۆببنەوە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر چۆنێتی بەشداریکردنی یەکگرتووانە لە داهاتووی سووریادا، وەکو یەک شاند و بە هەڵوێست و بۆچوونی هاوبەش. ئەم هەوڵە بۆ نزیککردنەوە و رێککەوتنی لایەنەکان، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش بەڕێوەچووە.
لە چوارچێوەی هەوڵە ناوخۆییەکاندا، باشووری کوردستان چەندین جار لە ئاستی باڵادا رۆڵی گێڕاوە بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان؛ لە کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی و سەرۆک مەسعود بارزانییەوە بگرە تاوەکو دەگاتە کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). دوایین زنجیرەی ئەم هەوڵانەش بریتی بوون لە کۆبوونەوەکانی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (23 - 24ی نیسان) لە هەولێر، کە پێش گەڕانەوەی سەرکردەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدران بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسە نیشتمانییەکە.
هاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، وڵاتانی وەکو فەرەنسا، ئەڵمانیا، و ئەمریکا لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە بریتی بووە لە هاندانی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) وەکو دوو لایەنی سەرەکی، بۆ گەیشتن بە هاوهەڵوێستی و یەکڕیزی.
'کۆنفرانسی نیشتمانی' چییە و کێ تێیدا بەشدار دەبێت؟
کۆنفرانسی نیشتمانی نێوەڕۆکی رێککەوتنێکی نێوان PYNK و ENKSی تێدا دەخوێندرێتەوە، ئەو رێککەوتنە ئەنجامی گفتوگۆیەکی ماراسۆنی نێوان هەردوولایە، کە بە هەڵبەز و دابەزی زۆردا رۆیشت پێش ئەوەی بگاتە کۆنفرانسی نیشتمانی. کۆنفرانسەکە لایەنەکانی نێو ئەنەکەسە و پەیەنەکەی تێدا بەشدار دەبێت، لەگەڵ هەندێک کەسایەتیی سڤیل و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
کۆنفرانسەکە 190 کەس لە کۆمیتەی ئامادەکار، ژمارەیەک نوێنەری PYD و پارتەکانی دیکە، نوێنەری رێکخستن و بزووتنەوە و لایەنە سیاسییەکان لەخۆدەگرێت.
340 ئەندام لە پارت و لایەنەکانی نێو ENKS و PYNK لە کۆنفرانسەکەدا بەشداری دەکەن، لەگەڵ 20 تاوەکو 30 کەسی دیکە لە نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێوەیەکی گشتی و بە تێکرا هەر پارت و لایەنێک دوو نوێنەر دەنێرێتە کۆنفرانسەکە.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە سوپاسی خەڵک دەکەین کە هەوڵیاندا و پشوو درێژ بوون بەرامبەر ئەو کۆنفرانسە و سەرگرتنی، ئەوە قۆناخێکی مێژووییە لە وڵاتەکەماندا."
گوتەبێژی ئەنەکەسە سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ ئەو هەوڵانەی داویەتی، هەردوولا واتە ئەنەکەسە و پەیەنەکە چاوەڕێ دەکرێت پێکەوە رەشنووسێکی هاوبەشی هەڵوێست، داواکاری، پێشینەی هەنگاو و کارەکان ئامادە بکەن و بیکەنە بەڵگە و بنەما بۆ بەشدارییان لە داهاتووی سووریا.
ئاداری ئەم ساڵ هەردوولای رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە کۆبوونەوە؛ سکۆت بۆولس، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو، ئەو کۆبوونەوە دوای دوو کۆبوونەوەی دیکە هات لە قامشلۆ، پێش ئەویش هەوڵی دیکە لە ساڵانی رابردوودا هەبووە.
سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە دەڵێت، "لەو کۆنفرانسەدا پێداچوونەوە و گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی دیدگەی سیاسیی هاوبەش دەکرێت، رەشنووسەکە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە، شێوەی داخوازکراو بۆ دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ مافە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە سووریا."
بە گوتەی ئۆسۆ، ئەو دیدگە هاوبەشە ئەنجامی چەندین ساڵ گفتوگۆ و هەوڵدانە بۆ یەکخستنی هەڵویستەکان، "داخراو دەبێت بۆ میدیا لە زۆربەی بەشەکانیدا، سێ ئەندامی بۆردی سەرکردایەتی گوتاری کردنەوە پێشکێش دەکەن و روونی دەکەنەوە لەو کۆنفرانسەدا باسی چی دەکرێت."
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئامادەکردنی، دۆکیۆمێنتە سیاسییەکە دەدرێتە بەرپرسانی حکومەتی کاتی لە سووریا و شاندێک لە هەردوولاوە بەڵگەکە دەبەنە لای بەرپرسانی سووریا، ئەندامانی ئەو شاندە بەپێی راسپاردە و ئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسی نیشتمانی دیاری دەکرێت.
کۆنفرانسەکە، هەنگاوەکانی و ئەنجامەکەی بە قۆناخێکی گرنگ بۆ کورد دادەنرێت لە سووریا، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە لە بونیاتنان و دانان و رێکخستنی ئەو دامەزراوانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دروستی کردوون؛ بەڵام لە ئاڵنگاریشدایە، بەتایبەت لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان کە ئێستا کەمتر بووەتەوە لەگەڵ هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش، ئەو هەنگاوەی لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەینێن، رەنگە کاریگەرییش لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی وڵاتانیش لەگەڵ سووریا دابنێن، چونکە فەرەنسا، ئەڵمانیا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەتایبەت داوای حکومەت و دەسەڵاتێکی گشتگیر دەکەن، کە هەمووان تێیدا بەشداربن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ