رووداو دیجیتاڵ
دژه تیرۆری كوردستان، دەستگیرکردنی داواکراوێکی تەقینەوەکەی ناوچەی سەدری شاری بەغدای راگەیاند و دەڵێت، ئەو کەسە "لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەو گرووپەی کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەنجامداوە".
لەوبارەوە دژه تیرۆری كوردستان راگەیێندراوێکی بڵاویکردەوە و دەڵێت، "رۆژی دووشەممە 19ی تەممووز، تەقینەوەیەکی خۆکوژی بازاڕێکی ناوچەی سەدری بەغدای پایتەختی عێراقی کردە ئامانج و دەیان قوربانیی لێکەوتەوە. دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی داوای هاوکارییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە مەبەستی دەستگیرکردنى بەشداربووانى ئەو تاوانە، بۆ ئەم مەبەستە ناوى داواکراوێکیان پێداین، کە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەو گرووپەى کردەوە تیرۆریستییەکەى ئەنجامداوە".
هەر لە دەقی راگەیێندراوەکەی دژە تیرۆری کوردستاندا هاتووە، "دوابەدوای بەدواداچوونی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژە تیرۆری کوردستان، کەسی داواکراو دۆزرایەوە و دەستگیرکرا و دەرکەوت ناوى تەواوى بریتییە لە (ح. ی. ع. ح.) کە خەڵکى حەویجەیە و ئێستا دانیشتووی کەمپی (حسن شام)ـە و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر گومانلێکراو (ح) رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکرێتەوە".
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە دانپێدانانی تۆمەتبارانی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ناوچەی سەدری لە بەغدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارانە سەر بە دوو "تۆڕی تیرۆریستین کە پلانیان داڕشتبوو بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەی زیاتر لە رۆژانی جەژندا".
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کردووە و دەڵێت، "ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ دوو تۆڕی تیرۆریستی لە کەرکووک و ئەنبار دەستگیرکرد کە لە 19ی ئەم مانگەدا تەقینەوەکەی ناوچەی سەدریان ئەنجامدا، هەروەها پلانیان داڕشتبوو بۆ پاڵپشتیکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تەقینەوەیە بۆئەوەی تەقینەوەی زیاتر لە ناوچەی باب ئەلشەرقی و چەند ناوچەیەکی دیکە لە بەغدا و پارێزگاکان ئەنجامبدەن لە چوارچێوەی بەناو (هێرشی جەژن) بۆ بەئامانجکردنی خەڵکی بێتاوان و ئارام، بەڵام ئاژانسەکە توانیی شکست بە پلانەکانیان بهێنێت و رەوانەی دادگەیان بکات بۆئەوەی بە سزای دادپەروەرانە بگەن".
"هەردوو تۆڕە تیرۆریستییەکە" وەکو شانەی ئەمنی رایگەیاندووە، "لە پێنج کەس پێکهاتوون" کە بریتین لە:
- نووری موتەر مەربت حەمەد کە بە (ئەبو عوبەیدە) ناسراوە، ئەو پۆستێکی ئەمنیی هەبوو لەنێو مەفرەزەیەکی ئەمنیدا، دواتر لە گەڕەکی ئازادی لە پارێزگای کەرکووک دەستگیرکرا.
- ماجد موتەر مەربت حەمەد، کە پۆستێکی ئەمنیی هەبوو لەنێو مەفرەزەیەکی ئەمنیدا لە کەرکووک، لەدایکبووی ساڵی 1986، پێشتر لە شارۆچکەی قایم لە پارێزگای ئەنبار نیشتەجێ بوو، دواتر لە ناوچەی بارووتخانە لە کەرکووک نیشتەجێبوو.
- خالید سەعیجەر عەبوود موتەر مەربت حەمەد کە بە (ئەبو حەسان) ناسراوە و پۆستی فەرماندەی مەفرەزەیەکی ئەمنی بوو، لە ناوچەی پێنج کیلۆ لە ئەنبار دەستگیر کرا.
- ئەیوب عەبدولغەفوور ئەحمەد، کە بە (ئەبو ئوسامە) ناسراوە، کاری ئەو هەواڵنێری و گواستنەوە بوو لە بەغدا بۆ چاودێریکردنی هێزە ئەمنییەکان و چۆنێتی چوونە ژوورەوە و چۆنێتی دەرچوون لە کاتی قەرەباڵخی لە ناوچەی باب ئەلشەرقی، ناوچەی سەدر، بەغداد ئەلجەدیدە و سیدییە، لەگەڵ چاودێریکردنی رێگەی هاتووچۆکردنی خۆکوژەکان لەو ناوچانە.
- عەممار باسم عاید فەیسەڵ، ناوسراو بە (ئەبو جەعفەر)، ئەو راسپێردرابوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی خۆکوژی لە ناوچەی باب ئەلشەرقی لە بەغدا.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوێنێ، دوای دیداری لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکەی دووشەممەی رابردوو لە ناوچەی سەدر لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "فرمێسک و ژانە دڵی خێزانی شەهیدانی شارۆچکەی سەدر رێنیشاندەرمان بوون بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆڕە تیرۆریستییە ترسنۆکەی کە پلانداڕێژەر و جێبەجێکاری هێرشە تیرۆریستییەکەی (بازاڕی وحێلات) بوو، سەرجەمیان رووبەڕووی دادگا و گەل دەکرێنەوە و دەبنە پەند بۆ هەموو دەستدرێژیکارێکی تاوانبار".
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، سێشەممەی رابردوو 20/7/2021، رایگەیاند: "تەقینەوەکەی شەوی رابردوو خۆکوژێکی تیرۆریست بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو ئەنجامیداوە و بووە هۆی شەهیدبوونی 30 هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەسی دیکە".
ئێوارەی 19/7/2021، تەقینەوەکەی خۆکوژی لە بازاڕێکی میللی ناوچەی سەدر روویدا، رۆژی سێشەممە، 20/7/2021، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی شارەزایانی تەقینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و پشکنینی شوێنی تاوانەکە؛ دەرکەوت تەقینەوەکەی شەوی رابردوو خۆکوژێکی تیرۆریست بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو ئەنجامیداوە و بووە هۆی شەهیدبوونی 30 هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەسی دیکە".
رێکخراوی داعش لە کەناڵەکانی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلگرام بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە راگەیاند و گوتی؛ ئەندامێکی رێکخراوەکەمان کە ناوی (ئەبو حەمزەی عێراقییە) بە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراو هێرشەکەی بازاڕی وحێلاتی لە ناوچەی سەدر ئەنجامدا.
هەر دوابەدوای تەقینەوەکە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان ئەنجامدا و بڕیاریدا ئەو فەرماندەی ئەرکی پاراستنی بازاڕەکەی ناوچەی سەدری لە ئەستۆ بوو، لە ئەرکەکەی دووربخرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
دهقی راگهیێندراوهكهی دژه تیرۆری كوردستان:
رۆژی دووشەممە 19ی تەممووز، تەقینەوەیەکی خۆکوژیی بازاڕێکی ناوچەی سەدری بەغدای پایتەختی عێراقی کردە ئامانج و دەیان قوربانی لێ کەوتەوە.
دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵی داوای هاوکارییان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە مەبەستی دەستگیرکردنى بەشداربووانى ئەو تاوانە، بۆ ئەم مەبەستە ناوى داواکراوێکیان پێ داین کە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەو گرووپەى کردەوە تیرۆریستییەکەى ئەنجام داوە.
دوابەدوای بەدواداچوونی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژە تیرۆری کوردستان، کەسی داواکراو دۆزرایەوە و دەستگیر کرا و دەرکەوت ناوى تەواوى بریتییە لە (ح. ی. ع. ح.) کە خەڵکى حەویجەیە و ئێستا دانیشتووی کەمپی (حسن شام)ـە و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر گومانلێکراو (ح) رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵی دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ