رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی زاخۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەسەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێکی کەناڵی خابیری سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەپێی ئاسایش بێت رەنگە لەسەر کاری رۆژنامەڤانی دەستگیرنەکرابێت و لە چەند کاژێری داهاتوو ئەوە رووندەبێتەوە.
نووسینگەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە زاخۆ لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانییەوە کە رۆژی پێنجشەممە، 24-8-2023، لە قەزای زاخۆ دەستگیرکرا، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "کاژێر 9:45ـی بەیانی پێنجشەممە رۆژنامەنووس ئیسلام عەلی عەبدی ناسراو بە ئیسلام کەشانی، کە لە کەناڵی خابیر لە زاخۆ پێشکێشکارە لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە دەستبەسەرکراوە، دوای ئەوەی پەیوەندییمان بە ئاسایشی زاخۆوە کرد لەبارەی دەستگیرکردنی ناوبراو و هۆکارەکەی، پێیانڕاگەیاندین دەکرێت دەستگیرکردنەکەی لەسەر بابەتی رۆژنامەڤانی نەبێت و لە چەند کاژێری داهاتوو ئەوە دیاریدەکەن."
رۆژی پێنجشەممە 24-8-2023، تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانەکەی کەناڵی خابیرەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "رۆژنامەنووس و کەسایەتی دیاری زاخۆ (ئیسلام کەشانی) پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە کاژێر 9:45 خولەک، بە مەبەستی چوون بۆ کاری میدیایی خۆی لە نووسینگەی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و دەزگای خابیر لە ماڵ دەرچووە، پێش ئەوەی بگاتە شوێنی فەرمی کارەکەی، هێزێکی ئاسایش دەیگرن و دەیڕفێنن."
تۆڕی میدیایی یەکگرتوو دەڵێت: "ئەم هەنگاوەی ئاسایشی زاخۆ پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری کوردستان ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـە، کە لەو یاسایەدا هاتووە، گرتنی رۆژنامەنووسان دەبێت بە بڕیاری دادوەر و بە ئاگاداری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بێت."
تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەرباری سەرکۆنەکردنی دەستگیرکردنەکە دەڵێت: "ئەو کردارە نابەرپرسانەیە و سەلامەتی گیانی رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی لە ئەستۆی دەزگای ئاسایش و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە." هەروەها داوا دەکات "بە زووترین کات" ئازاد بکرێت.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رەخنە لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئازادی رۆژنامەنووسییەوە دەگرن، هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئازادی رۆژنامەنووسی دەستەبەرکراوە." بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، لە ساڵی 2022ـدا 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی کراون، بەم شێوەیە:
- رێگریکردن: 195
- زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی: 68
- هێرش و هەڕەشە و سووکایەتی: 46
- دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگە: 64
- دەستگیرکردن بە بڕیاری دادگە: 4
- لێدان و برینداربوون: 26
- داخستنی نووسینگەی کەناڵ: 1
- هێرشی مووشەکی: 2
- هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەڤان: 3
- هێرشی ئەلکترۆنی: 6
- پڕکردنەوەی بەڵێننامە: 16
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ