کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دهۆک: تەنیا رووفاتی 13 ئەنفالکراوی بادینان گەڕێندراوەتەوە

25-08-2023
پەیمان محەممەد
ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دهۆک
ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دهۆک دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 500 ئەنفالکراوی بادینان، ناویان وەکو شەهید تۆمارکراوە، بەڵام تەنیا رووفاتی 13 ئەنفالکراو گەڕێندراونەتەوە.
 
رۆژی هەینی 25-08-2023، ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، رایگەیاند، لە ئەنفالی بادیناندا زیاتر لە 60 هەزار کەس دەربەدەری ئێران و تورکیا بوون و نزیکەی 20 هەزار کەسیش بە زۆر گواسترانەوە بۆ بەحرکە و جێژنیکانی سەر بە شاری هەولێر.
 
ژیان مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لەکاتی ئەنفالدا بێسەروشوێن بوون، هەروەها نزیکەی هەزار و 553 کەسیش وەکو شەهید ناویان تۆمار کراوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دهۆک، تاوەکو ئێستا تەنیا رووفاتی 13 ئەنفالکراوی بادینان گەڕێندراوەتەوە، گوتیشی: ''هێشتا گۆڕی بەکۆمەڵی هاونیشتمانییانی دەڤەری بادینان نەدۆزراوەتەوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە." 
 
بە گوتەی ژیان مستەفا، تەنیا گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە و لە ساڵی 2020ـوە نووسراویان پێشکێشی حکومەتی عێراق کردووە و داوای هەڵدانەوەیان کردووە، بەڵام تائێستا هەڵنەدراوەتەوە.
 
ئەو 13 رووفاتەی ئەنفالکراوانی دەڤەری بادینان، لە رێوڕەسمێکدا لە قەڵای نزارکێ لە دهۆک بەخاکسپێردراون.
 
قەڵای نزارکێ لە ساڵی 1985 وەکو قەڵایەکی سەربازی لە دهۆک دروستکرا، لە شاڵاوی ئەنفالدا زۆرترین کەسی تێدا ئەشکەنجەدراوە و زیاتر لە سێ هەزار کەس لەو قەڵایەوە بێسەروشوێن کراون.
 
ئەنفالی بادینان، کە لە 25ی ئاب تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 کرا، دوایین قۆناخی تاوانی ئەنفالە، لە 28ـی مانگی ئاب ئەنفالی بادینان گەیشتووەتە دەڤەری بەری گارە لە سنووری قەزای ئامێدی.
 
لە ئەنفالی بادیناندا زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئەنفالکران، نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون. 663 گوند بەر ئەو پرۆسەی تاوانە دژی کورد کەوتن، لە وانە 40 گوندی مەسیحی، 81 گوندی کوردانی ئێزدی، 79 گوندیش کیمیابارانکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە