رووداو دیجیتاڵ
دوو جووتیاری کوردی گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، جارێکی دیکە لەسەر سکاڵای عەرەبی هاوردە دادگایی کران و سزای زیندانییان بۆ دەرکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئابی 2025 محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر دادگە بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئەو دوو جووتیارە دەرکردبوو، بەڵام لەسەر سکاڵای عەرەبی هاوردە دادگەی تێهەڵچوونەوە بڕیارەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و رایگەیاندووە، دەبێت سزا بدرێن؛ بۆیە ئەمڕۆ دادگەی دووبز بڕیاری سزادانی بۆ (بەکر مستەفا و موحسین ئیسماعیل) دەرکرد بە زیندانیکردن (وەستاندنی جێبەجێکردن) لەسەر سکاڵای عەرەبە هاوردەکان."
یەکەم دانیشتنی دادگە بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارێکی پێشووترى ئەو دۆسیەیە، لە 10ی ئاب لە دادگەی دووبز بەڕێوەچوو.
محەممەد ئەمین گوتی، "پێشتر دوو عەرەبە هاوردەکە سکاڵایان لەسەر ئەو دوو جووتیارە تۆمارکردبوو بەوەی زەوییەکانیان بەکاردەهێنن، بەڵام دادگە بڕیاری بێتاوانیی دەرکردن."
ئەو زەوییانەی شەناغە و سەربەشاخ کە کێشەیان لەسەرە، ئەوانەن کە بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق داگیرکراون. پەرلەمانی عێراق یاسایەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەیان دەرکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێنوێنیی بۆ دەرنەکراوە، هێشتا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەکر محەممەد مستەفا، کە یەکێکە لە سکاڵا لێکراوان، بە رووداوی گوت، "هیچ زەوییەکم بەکارنەهێناوە و نازانم بۆچی سکاڵا لە دژم تۆمار کراوە. ئەو زەوییەی دوو عەرەبەکە باسی دەکەن، بە ناوی دوو هاووڵاتیی دیکەوەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ