سێ رۆژنامەڤانی رووداو خەڵاتی باشترین میدیاکارانی باکووری کوردستان وەردەگرن

25-09-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات، خەڵاتی باشترین رۆژنامەڤان و کامێرامان لەسەر ئاستی باکووری کوردستان بە سێ کارمەندی رووداو دەبەخشێت.
 
کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات (جی جی سی) کە گەورەترین دامەزراوەی رۆژنامەڤانییە لە باکووری کوردستان، 37ـەمین رێورەسمی خەڵاتکردنی رۆژنامەنووسە سەرکەوتووەکانی ساڵی لە شاری ئامەد بەڕێوەبرد، لە رێوڕەسمەکەدا کە شەوی 23-9-2023 لە ئامەد بەڕێوەچوو، 41 خەڵاتی لە بەشە جیاوازەکانی میدیادا بەسەر میدیاکارانی سەرکەوتوو لە باکووری کوردستان دابەشکرد و سێ لەو میدیاکارانە کارمەندی تۆڕی میدیایی رووداو بوون.
 
ئەو سێ میدیاکارەی خەڵاتیان وەرگرتووە، کارمەندی نووسینگەکانی ئامەد و ئەنقەرەی تۆڕی میدیایی رووداون، لە نووسینگەی ئامەد، کامێرامان محەمەد کانەڤی لە بەشی بینراودا بەهۆی فیچەری "دریاچەی قوڵینگەکان" خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
محەمەد کانەڤی، کامێرامان دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە لە ئامەد گوتی "ئەو خەڵاتەی ئەمڕۆ لەلایەن کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات بە من بەخشرا، پێشکێشی هاوکارانمی لە تۆڕی میدیی رووداو دەکەم و سوپاسی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات دەکەم بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە."
 
هاوکات کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات خەڵاتی شانازییان بە عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لە ئامەد بەخشی بەهۆی پێشکێشکردنی بڕگەی "شەوچرا" لە بەرنامەی پاشیڤ.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی، لەبارەی خەڵاتەکە گوتی "خەڵاتوەرگرتن گرنگە، بەڵام بەر لە هەموو شتێک، کاری هەرە پیرۆز و گرنگ ئەوەیە؛ ئێمە بە زمانی کوردی و لە میدیایی کوردی کار دەکەین و لە هەر شار و ناوچەیەک هەر رووداوێکی رووبدات، ئێمە وەکو کارمەندی رووداو رەنگ و دەنگی خاک و خەڵکی خۆمان دەگوازینەوە، ئەو خەڵاتەش لە ئەنجامی سەرکەوتنی رووداو بە ئێمە بەخشراوە و بەتەنیا خەڵاتی من نییە، بەڵکو خەڵاتی هەموو هاوکارانمە لە تۆڕی میدیایی رووداو."
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە، بە فیچەری "ئاشی 100 ساڵە"، خەڵاتێکی دیکەی ئەو کۆمەڵەیەی پێ بەخشرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەوکەت هەرکی بۆ رووماڵکردنی شەڕی (ناگۆرنۆ قەرەباخ)، لە شەوی بەخشینی خەڵاتەکاندا ئامادە نەبوو، ماشاڵڵا دەکاک، نوێنەری رووداو لە ئامەد، بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو.
 
ماشاڵڵا دەکاک لەبارەی خەڵاتەکەوە دەڵێت "ئەو خەڵاتانە پێشکێش بە هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە لەپشت شاشەی رووداوەوە کار بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن و دەرناکەون."
 
لە شەوی خەڵاتکردنەکەدا ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و نوێنەرانی چەندین دامەزراوە و دەزگای مەدەنیی ئامەد ئامادە بوون. 
 
لە 10 ساڵی دامەزراندنی تۆری میدیایی رووداودا، نووسینگەی ئامەدی رووداو 9 خەڵات، نووسینگەی ئەنقەرە 2 خەڵات و نووسینگەی ئیستەنبووڵی رووداویش خەڵاتێکی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵاتی (جی جی سی)ـیان بەدەستهێناوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

کۆمیسیۆن بۆ بەربژێران: دەتوانن ناوەندى دەنگدانتان بگۆڕن

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیارێکى نوێ لەبارەى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەردەکات بەوەى دەتوانن شوێنى بەربژێریکردنى خۆیان و دەنگدانى خێزانەکانیان لەنێوان ناوەندەکانى دەنگدانى یەک بازنەى هەڵبژاردن بگوازنەوە.