رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، پرۆسەى وردبینى کردن لە دۆسیەى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکانى زانکۆکانى هەرێمی کوردستان کە دانیشتووى ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستانن دەستیپێکرد.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبوونى د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان و جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى و تیمى تایبەت بە دۆسیەى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و بڕوانامە باڵاکان لە وەزارەت و تیمى ئەنجوومەنى راژەى گشتى لە حکومەتى عێراق کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
بڕیارە بەشێک لە خوێندکارە یەکەمەکانی سنووری ناوچەکانی مادەی 140 (کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین و چەند ناوچەیەکی دیکە) کە یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بوون، لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دابمەزرێن.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەو بارەیەوە دەڵێت، پرۆسەى وردبینى کردن لە دۆسیەى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکانى دەرچووى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە دانیشتووى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانن بەمەبەستى دامەزراندنیان دەستیپێکرد.
هاوکات، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەى تەکنیکیی تیمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجوومەنى راژەى گشتیی عێراق بەمەبەستى وردبینى کردن لە دۆسیەى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامەى باڵاکان، کە دەرچووى زانکۆکانى هەرێمی کوردستانن و دانیشتووانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن بۆ دامەزراندنیان بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا، "سەرجەم کێشە و گرفتەکانى بەردەم پرۆسەکە تاوتوێکران و رێگەچارەى چارەسەرکردنیان بۆ دیاریکرا، بۆ ئەمەش وا بڕیارە لەماوەى یەک هەفتەدا وردبینى کردن لە کۆى پرۆسەکە کۆتایی پێبهێندرێت."
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستان ئاگادارى سەرجەم سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکان دەکاتەوە، ئەوانەی یاساکانى ژمارە (59) و (67) دەیانگرێتەوە بۆ دامەزراندن لەسەر میلاکى حکومەتى عێراق، پێویستە سەردانى ئەم بەستەرە (confirm.iraqi-fpsc.gov.iq) بکەن، بەمەبەستى وردبینى کردن و هەڵەچنینى داتاکانیان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر راستى و دروستیی ئەو داتایانەى لە فۆرمەکانیان داتا کراوە؛ "بۆیە هەر دەرچوویەک ئەگەر هاتوو لە داتاکان کێشەى هەبێت و نەتوانێت چارەسەرى بکات دەتوانێت لە رێگەى ئێمەیڵى وەزارەت (gdaf.office@mhe-krg.org) وێنەیەک لە داتاکەى خۆى بنێرێت و هەڵەکان دەستنیشان بکات بەمەبەستى راستکردنەوەیان."
وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاگادارى ئەو دەرچووانە دەکاتەوە، هەر دەرچوویەک دواى ئەوەى سەرجەم داتاکانى راست و دروست بوون، پێویستە داتاکان لە فۆڕمى ئەلیکترۆنی داتا بکات، پەسندى بکات و بینێرێت، بۆ ئەوەى بێ بەش نەبێت لە دامەزراندن؛ دوا مۆڵەتیش بۆ پێداچوونەوە و ناردنی داتاکان، وەکو خوێندنی باڵا دەڵێت، سبەى سێشەممە کاژێر (12:00)ى شەوە.
رۆژی دووشەممە 25-09-2023 د. توانا نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ شەو شاندێکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق گەیشتە هەولێر و ئەم هەفتە لە وەزارەت پێکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی کاروباری کۆدەکانی یەکەمەکانی ناوچەی 140 تەواوبکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ