رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو کاژێر 8:30 خولەک ئاگر لە خێوەتێکی کەمپی بەردەڕەش کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان، کەوتەوە و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023 دەڵال محەممەد، بەڕێوەبەری کەمپی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگر لە خێوەتێکی پەنابەران کەوتووەتەوە و خێمەکە بەتەواوەتی سووتاوە؛ بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەناو ئاگرەکە سووتاوە و گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی بەرگریی شارستانی ئاکرێ، ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە، ناوی عەبدولوەهاب محەممەدە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تەنیا یەک خێوەت سووتاوە و زیانی پێگەیشتووە؛ سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، بەڕێوەبەری کەمپی بەردەرەش رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکارەکە شۆرتی کارەبا بووە و "خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترین لە رووداوەکە."
کەمپی بەردەڕەش دەکەوێتە باشووری قەزاکە، لە کۆتایی ساڵی 2019 بەھۆی ھێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای کورستان دروستکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ