رووداو-هەولێر
هێزەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە رۆژئاوای کوردستان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکات، دەستوەردان لە پاراستنی ژیانی چیچەک کۆبانێ بکات کە ئێستا بە برینداری کەوتووەتەدەست گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا.
فەرماندەیی هێزەکانی یەپەژە بەیاننامەیەکی لەبارەی بەدیلگرتنی چیچەک کۆبانێوە بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت: چیچەک بە برینداری و لەکاتی ئاگربەستدا دەستگیرکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژی دووشەممەی رابردوو 21ی تشرینی یەکەم، سوپای تورکیا هێرشیکردەسەر گوندی میشراقەی سەر بە شارۆچکەی عەین عیسا و شەڕڤانانیش بەرپەرچیانداونەتەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا (چیچەک) برینداربووەو کەوتووەتەدەست گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکان.
فەرماندەیی هێزەکانی یەپەژە رایدەگەیێنێت: لەکاتێکدا ئەو هێرشە ئەنجامدراوە کە وادەی ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و تورکیا تەواو نەبووە، شەڕڤانانیش تەنیا بەرگرییان کردووە و تورکیا و گرووپە چەکدارییەکانیش بەرپرسن لە هێرشەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا فەرماندەیی هێزەکانی یەپەژە هۆشداری ئەوەش دەدات کە چیچەک ژیانی لە مەترسیدایە و پاراستنی گیانی لە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەپێویستیشی دەزانێت، دەستوەردانی بەپەلە بکرێت و فشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ ئازادکردنی ئەو شەڕڤانە.
هەروەها داواش لە ژنانی جیهان دەکات، لەئاست ئەو پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبن کە بەرامبەر ژنان دەکرێت لە رۆژئاوای کورستان، بەتایبەت ئەوانەی کە سنگی خۆیان ناوەتە بەر گوللە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و سەروەری خاکەکەیان.
دوابەدوای بەدیلگرتنی شەڕڤان چیچەک کۆبانێ، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دیمەنێکی چیچەکیان بڵاوکردەوە کە بە برینداری بەدیلیان گرتووەو تیایدا هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ