رووداو دیجیتاڵ
کەم رۆژ هەیە هەواڵی کوژرانی ژنێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاونەبێتەوە. زۆربەی ئەو ژنانەی دەکوژرێن بە پاساوی پاراستنی شەرەف لەلایەن پیاوانی نزیکی خۆیانەوە دەکوژرێن. چالاکڤانانی مافەکانی ژنان دەڵێن، نەبوونی شوێنی داڵدەدانی ئەو ژنانەی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتییان هەیە، هۆکارێکی سەرەکیی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کوشتنانەن.
لە هەر پارێزگایەکی رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا یەک سەنتەری پاراستنی ئەو ژنانە هەیە کە کێشەی کۆمەڵایەتییان هەیە. ئەو ناوەندانە لە ناوەندی پارێزگاکانن و لە ژمارەیەکی کەم لە شارەکان لقیان هەیە و لە زۆربەی شارەکان هیچ شوێنێک نییە بۆ داڵدەدانی ئەو ژنانە.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە حکومەت دەڵێت بە دامەزراندنی ناوەندی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی، بەشێکی زۆر لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی چارەسەر کردووە.
مەحموود عەلیگوو، سەرپەرشتی بەشی لێقەوماوانی کۆمەڵایەتی لە رێکخراوی خۆشبژێوی ئێران دەڵێت، "فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی لە چوار بەشی بەدواداچوون، هێڵی گەرمی 123، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریی گەڕۆکی بەپەلە پێکهاتووە. ئەو چوار بەشە خزمەتگوزاری پێشکێش بە کۆمەڵێک کەس دەکەن کە ئەو ژن و کچانە دەگرێتەوە کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە تووشی کێشە بوون یان ئەگەری ئەوە هەیە تووشی خەساری گەورە ببن".
حکومەتی ئێران ئاماری کوشتنی ژنان بڵاوناکاتەوە. بەپێی دوایین ئامار کە میدیاکانی ئەو وڵاتە بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوە زانستییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ساڵانە لەنێوان 375 بۆ 450 ژن بە پاساوی شەرەف دەکوژرێن کە دەکاتە 20%ی کۆی رووداوەکانی کوشتن. عەبدولڕەحیم تاجەدین، راوێژکاری وەزارەتی کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ئێران دەڵێت، زیاترین رووداوی کوشتنی ژنان بە پاساوی شەرەف لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، خوزستان، ئیلام، تەورێز، ئەردەبیل، سیستان و بەلوچستان و فارس روودەدات.
کوشتن بە پاساوی شەرەف لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترە لە ئاستی مامناوەندی ئێران. بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی ژیوانۆی سنە، تەنیا لەو پارێزگایە ساڵی رابردوو لانیکەم 15 ژن کوژراون. لەوانەیە ژمارەیەکی دیکەش کوژرابن و بێدەنگ بە خاک سپێردرابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ