رووداو - دهۆک
ئاهەنگی دەرچوونی گەڕی 14 و 15ی زانکۆی نەورۆز لە دهۆک بەڕێوەچوو. هەزار و 658 خوێندکار لە 17 بەش و پێنج کۆلێژ بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان وەرگرت. داریوس ئەحمەد یەکێکە لەو قوتابیانە کە دوای چوار ساڵ خوێندن، توانیویەتی پلەی یەکەم لە بەشی ژمێریاریی کۆلێژی کارگێڕیی کار بەدەستبێنێت و لەگەڵ هاوڕێکانی دڵخۆشن بەو سەرکەوتنە.
داریوس ئەحمەد، دەرچووی زانکۆ دەڵێت، چەند ساڵێکە ناخۆشیی زۆری بینیوە، چونکە لە وڵاتێکەوە چووەتە وڵاتێکی دیکە، وەکو ئاوارە لە عێراقەوە چووەتە سووریا و دواتریش لە سووریاوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام دواجار توانیویەتی خوێندنەکەی تەواو بکات و سەرکەوتوو بێت.
ژوان نەوزاد، دەرچووی زانکۆ دەڵێت، رۆژی دەرچوونی رۆژێکی "زۆر خۆشە و زۆر تایبەتە".
خوێندکارانی زانکۆکە بە ئامادەبوونی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و چەندین بەرپرس و کەسایەتیی دیکە لەگەڵ کەسوکاریان لەلایەن سەرۆکی بەشەکانیانەوە بڕوانامەیان پێ بەخشرا و سەرۆکی زانکۆکەش پەسندی کرد.
عەبدولوەهاب خالید، سەرۆکی زانکۆی نەورۆز رایگەیاند، "نەورۆز زانکۆیەکە کە بەرهەمی کوردستان و شاری دهۆکە، هەوڵ دەدات جێگەی گونجاوی لەسەر پلاتفۆرمی ئەکادیمیای جیهانی جێگیر بکات. ئەمڕۆ شانازی بە دەرچوونی گەڕی 14 و 15ی خوێندکارانی زانکۆکە دەکەین، کە ژمارەی دەرچوونی قوتابیان لە زانکۆکەمان تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 10 هەزار خوێندکار".
هەر لە دامەزراندنی زانکۆی نەورۆزەوە لە ساڵی 2004 تاوەکو ئێستا، نزیکەی 10 هەزار قوتابی لە بوارە جیاوازەکاندا بڕوانامەیان تێیدا وەرگرتووە، ئێستاش لەو زانکۆیە 3565 خوێندکار دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ