سبەی پەکەکە هەنگاوێکی نوێ بۆ پرۆسەی چارەسەری دەنێت

25-10-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
سۆران حوسێن و دەوران مەحموود

بڕیارە سبەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا هەنگاوێکی نوێی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رابگەیێنێت.

ئەمڕۆ شەممە 25-10-2025 میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی بانگەوازیی رێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، سبەی گەریلاکانی ئازادیی هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی دەنێن."

تۆڕی میدیایی رووداو زانیویەتی، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا راگەیێندراوێکی فەرمی دەخوێندرێتەوە و تێیدا ئاماژە بە هەنگاوی نوێی پەکەکە بۆ پرۆسەی چارەسەری دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەنگاوەکە لەلایەن ژمارەیەک گەریلاوە دەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی."

لەبارەی نێوەڕۆکی پەیامی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەوە، سەرچاوەکە گوتی، "پێدەچێت گواستنەوەی گرووپێک گەریلابێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە."
 
 
هەروەها سەرچاوەیەکی باڵای کەجەکە لەبارەی هەمان بابەت بە رووداوی گوت: "کۆنگرەکە لە بناری قەندیل لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەبێت".
 
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: "هەنگاوەکە دەبێتە قۆناخی یەکەمی هەنگاوێکی کردەیی" لە لایەن پەکەکەوە. 

27ی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا داوای لە پەکەکە کرد، چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، دواتر پەکەکە رایگەیاند، 5 بۆ 07ـی ئایار، کۆنگرەی 12ی بەڕێوەبردووە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە.

11ی تەممووز، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان سووتاند.

لە رێوڕەسمەکەدا 30 گەریلا کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و سێ بەرپرسی باڵای دیکە هەبوون، چەکەکانیان سووتاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.