رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەرچەندە بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ساردی کەوتووەتە نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام پەیوەندییەکان نەپچڕاون. جەختیش دەکاتەوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی یەکێتییە و دەستبەرداری نابن.
بێستوون فایەق، راوێژكاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە دوای هەڵبژاردن گوتی: "لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گرژی و ساردی دروستبووە، بەڵام هێڵێکی پەیوەندی هەر ماوە و پەیوەندی نەپچڕاوە. ئێمە دوو کەمپەینمان تێپەڕاندووە و پێویستە ئەم دۆخە هێوربکرێتەوە."
سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەنگاوەکانی داهاتوو، بێستوون فایەق ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا ئەنجامەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە پەسند نەکراون و سکاڵاکان یەکلایی نەکراونەتەوە، بۆیە قۆناخی تەواوکاریی یاسایی ماوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکی یەکێتی جەختی لەسەر گرنگیی یەکدەنگیی کورد لە بەغدا کردەوە و گوتی: "بابەتە نیشتمانییەکان، وەک مووچە، پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان خاڵی هاوبەشی نێوان لایەنەکانن. یەکێتی کە دەچێتە بەغدا بە نییەتی چارەسەری کێشەی مووچەخۆرانی هەموو هەرێمی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی خاک دەچێت، نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندیی حیزبی."
لەوەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بەوەی ئایا یەکێتی داوای پۆستی سەرۆککۆمار دەکات، بێستوون فایەق بە روونی گوتی: "بەڵێ، ئەو پۆستە بەپێی عورفێکی دەستووری، کە لە دوای رووخانی بەعسەوە پەیڕەو دەکرێت، بەرکەوتەی کورد و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتییە."
بێستوون فایەق راشیگەیاند: "ئەو پۆستە ئێستا بە دەست یەکێتییەوەیە و لە داهاتووشدا هەر بە دەست یەکێتییەوە دەبێت و بە مافی خۆمانی دەزانین."
لە کۆتایی قسەکانیدا، بێستوون فایەق هیوای خواست، کە دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان، لایەنە کوردییەکان بە یەکدەنگی لە بەغدا کار بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ