رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە پەسندکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) و بانکە بیانییەکان و زیادکردنی بودجەی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی و پڕۆژەی ئاوەڕۆی کەرکووک.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆکایەتیی 47ـەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی وڵات و بڕگەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە کرا و چەند بڕیارێک دەرکران.
رێکخستنی کەرتی بانکی و نرخی گەنم
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق میکانیزمێکی نوێی بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) و بانکە بیانییەکان پەسەند کرد کە تایبەتە بە پرسی گەڕاندنەوەی پارە بەرامبەر دۆکیومێنتی دڵنیایی (خطابات الضمان).
هەروەها بڕیاردرا نرخی فرۆشتنی گەنم بە ئاشە ئەهلییەکان بە 410 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەکو خۆی بمێنێتەوە، بە مەرجێک پارەکە راستەوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی بگەڕێندرێتەوە.
گرێبەستی هێماکانی هاتووچۆ
ئەنجوومەنەکە رەزامەندی لەسەر گرێبەستی راستەوخۆی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئیسپانیی (HYT GROUP) و (ALUVAL) دەربڕی، بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەرەتایی بۆ کارگەی دروستکردنی هێماکانی هاتووچۆ.
تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان
بۆ تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادکردنی تێچووی گشتی و بڕی پارەی یەدەگ بۆ ئەم پڕۆژانە:
پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی و پڕۆژەی ئاوەڕۆی کەرکووک؛ تەواوکردنی دیزاین و جێبەجێکردنی ئاوەڕۆی ناحیەی سینییە لە سەلاحەدین و بەرتڵە لە نەینەوا؛ پڕۆژەی ژێرخانی سەردانە ملیۆنییەکان لە چەند پارێزگایەک؛ دروستکردنی باڵەخانەکانی کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی زیقار؛ پڕۆژەی دروستکردنی بنکەی دەریایی لە بەندەری فاو.
بڕیارەکانی دیکە
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:
1. چارەسەرکردنی کێشەی ئەو زەوییانەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ تەرخانکراون و لەلایەن فەرمانگەی چاکسازی سەر بە وەزارەتی دادەوە
بەکاردەهێندرێن، بە جۆرێک کە زەویی جێگرەوە بۆ وەزارەتی داد دابین بکرێ.
2. پێدانی دەسەڵاتی خەرجکردن بە دەستەی توێژینەوەی زانستی.
3. پەسندکردنی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی کارگەکانی قیری ئۆکسێنراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ