ژنێکی کریستیان لە گوندی هەرمۆتە: ئەمساڵ بە ترس و دڵەڕاوکێوە جەژن دەکەین

25-12-2022
ئەبوبەکر ئیسماعیل
رێوڕەسمی جەژنی کریسمس لە گوندی هەرمۆتەی کۆیە
رێوڕەسمی جەژنی کریسمس لە گوندی هەرمۆتەی کۆیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە کریستیانەکانی گوندی هەرمۆتە لە کۆیە، دوای نزیکەی دوو مانگ لە چۆڵکردنی گوندەکەیان بەهۆی مەترسیی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە گوندەکەیان بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی کریسمس.
 
شلێر سولاقە، هاونیشتمانییەکی گوندی هەرمۆتەیە و کریستیانە، لە کاتی ئامادەکردنی سەروپێدا بە پەیامنێری رووداوی گوت، ئەمساڵ بە ترس و دڵەڕاوکێوە جەژن دەکەن. گوتیشی، "دەترسین لە نوێژبین مووشەک لێمان بدات. دەچینە حەمام دەترسین، دەچینە دەرەوە هەر دەترسین، نازانین چی بکەین، ئەوجارەی مووشەکی لێدا خەریکبوو جەڵتەم لێبدات."
 
موختاری گوندەکە، بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکان بە هۆکاری چۆڵبوونی گوندەکە و ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی دادەنێت.
 
ریاز عەزیز، موختاری گوندی هەرمۆتە بە رووداوی گوت، "ناچارین، جەژنی لەدایکبوونی عیسا پێغەمبەرە و هەردەبێ بێینەوە گوندەکەمان، دەنا ئێستاش هەر لەدڵەڕاوکێ داین."
 
سەرەڕای مەترسی و ترسی خەڵک لە هێرشی مووشەکی و درۆن، لە کەنیسەی مەریەمی پاکیزە لە گوندی هەرمۆتە رێوڕەسمی جەژنی کریسمس بەڕێوەچوو.
 
زەیا شابا، قەشەی کەنیسەی مەریەمی پاکیزە لە گوندی هەرمۆتە باسی لەوە کرد، "خەڵک گوندەکەی چۆڵکردبوو لەبەر بارودۆخی ئەمنی، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی هەمووان توانیمان ئەم دۆخە تێپەڕێنین و بۆ جەژن بێینەوە گوندەکە."
 
لە گوندی هەرمۆتەی قەزای کۆیە لەکۆی 125 ماڵی دانیشتووی گوندەکە، 100 ماڵیان کریستیانن. کریسمەسی ئەمساڵ بەهۆی مەترسیی هێرشی مووشەکی و درۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک گوندەکە، زۆربەی دانیشتووانی گوندەکە ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."