لە زاهیدانی ئێران تەقە لە بنکەیەکی پۆلیس کرا

26-01-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی پۆلیسی زاهیدانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران دەڵیت، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تەقە لە بنکەیەکی پۆلیسی شارەکە کرا، گوتیشی، تەقەکەرەکان هەڵاتوون.
 
رۆژی هەینی 26-01-2024، عەمید شاپوور فەلاحی، فەرماندەی پۆلیسی شاری زاهیدانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران رایگەیاند، دوو چەکدار لە دوورەوە دەستڕێژی گوللەیان لە بنکەی پۆلیسی ''شوروو''ـی شارەکە کردووە و دواتر هەڵاتوون.
 
عەمید فەلاحی ئاماژەی بەوە کرد، دوو تەقەکەرەکە مۆتۆرسکیلێکیان پێ بووە و دوای تەقەکردن و وەڵامدانەوەی خێرای هێزەکانی پۆلیس، دەستبەجێ شوێنەکەیان جێهێشتووە و خۆیان شاردووەتەوە.
 
بەگوتەی فەرماندەی پۆلیسی زاهیدان، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە بەدواداچوون و گەڕان بۆ دەستگیرکردنی دوو تەقەکەرەکە بەردەوامە.
 
زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانە، کە زۆربەی رۆژانی هەینی خەڵک خۆپێشاندان دەکەن و ناڕەزایەتی بەرامبەر هەندێک لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئێران دەردەبڕن، هەروەها ناوە ناوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی بەلووچ و سوننەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرش دەکرێتە سەر بنکەکانی پۆلیس کە چەندین جار کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.