وەزارەتی کارەبا: پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

26-01-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە و ئاساییکردنەوەی کارەباش دەکەوێتە سبەی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە شەوی هەینی بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دوای هەوڵ و كۆششی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، وەزارەتی كارەبا و تیمەكانی كۆمپانیای دانەگاز، توانرا گرفتی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر چارەسەر بكرێت. ئێستا وەزارەتی كارەبا لە رێگەی سەنتەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە سەرقاڵی ئاساییكردنەوەی کارپێكردنی یەكەكانی وێستگە گازییەكانی كارەبایە و ئەم پرۆسەیە تاوەكو كاژێر 10:00ـی بەیانی دەخایێنێت".
 
هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەرهەمهێنانی گاز لە كۆرمۆر دەستی بە هەناردەكردن كردەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا".
 
پێش راگەیێندراوەکە ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردەوە بە ئاستی پێش دەستپێکردنی هێرشەکە بۆ سەر کێڵگەکە". 
 
ئەحمەد موفتی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لەو کێڵگەیە، راستەوخۆ دەستیان بە بەرهەمهێنانی کارەباش بۆ هاونیشتمانیان کردەوە و سبەی شەممە وردەکاری زیاتر لەو بارەوە رادەگەیێنن.
 
هاوکات هەر ئەمشەو شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەگاز لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیاکەمان لە چوارچێوەی چالاکییەکانی و بەگوێرەی مادەی 33ـی لیستی ئاشکراکردنی شەفافییەت لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی ئەبوزەبیدا، بەیانی ئەمڕۆ بڕیاریدا دەست بە کارەکانی [بەرهەمهێنانی گاز] لە وێستگەی کۆرمۆر بکاتەوە".
 
شەوی پێنجشەممە کاژێر 10:22 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە کارکردن لە کێڵگەکە وەستا.
 
دوای هێرشەکە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە كاژێر 10:22 خولەکی شەوی 25-01-2024، لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر ئاگرێک کەوتەوە و بەو هۆیەوە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و ئەوەش بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.
 
کۆرمۆر یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز. 
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە تەواوکرابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.