رووداو دیجیتاڵ
بەشی چوارەم و کۆتایی کەمپەینی "رەنجی رووداو" بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. دەیان هاونیشتمانی لەکاتی پێشکێشکردنی بەرنامەکە ئامادە بوون، هەریەکە لە مامۆستا جەلا خەیلانی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان و هونەرمەندی بەنێوبانگ شڤان پەروەریش میوانی سەرەکیی بەرنامەکە بوون.
لە سەرەتای بەشی چوارەمی کەمپەینەکەدا، هونەرمەندی گەورەی کورد شڤان پەروەر بە گۆرانیی بەنێوبانگی 'کینە ئەم؟' بەشداریی کرد و هاونیشتمانییان بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لێکرد.
گریانی مامۆستایەکی ئایینی بە گۆرانییەکەی شڤان پەروەر
لەکاتی گۆرانییەکەدا، مامۆستایەکی ئایینی دانیشتبوو، خۆی بۆ نەگیرا و دەستی بە گریان کرد. رەنج سەنگاوی کە ئەو دیمەنەی بینی، چوو دەستی مامۆستاکەی گرت و بە شڤان پەروەری گوت، "مامۆستا شڤان، تۆ ورەی ئێمەی، تکایە بەم مامۆستا بڵێ با نەگری."
شڤان پەروەریش چوو دەستی مامۆستا ئایینییەکەی گرت و لەنێو چەپڵەڕێزانی ئامادەبوواندا تووند یەکیان لەئامێز گرت.
مامۆستا ئایینییەکە تووند دەستەکانی شڤان پەروەری گوشی و گوتی، "ئێمە بە تۆ سەربەرزین، تۆ ورەی ئێمەی، بیرمە لە ساڵی 1988 کە بەعس دایک و باوک و خوشک و براکانمی کوشت و بە تەنیا مامەوە، بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خۆمان گوێمان لە تۆ دەگرت، ئێستاش کە ئەو گۆرانییەت گوت، منت بردەوە بۆ ئەو سەردەمە و نەمتوانی نەگریم."
شڤان پەروەریش پێی گوت، "خوشک و براکانت تاجی سەری ئێمەن، کەس ناتوانێت میلـلەتی کورد لەنێو ببات."
پێناسەی شڤان پەروەر بۆ پارچەکانی کوردستان
رەنج سەنگاوی لە شڤان پەروەری پرسی: کوردستان بۆ تۆ چییە؟ لە وەڵامدا گوتی، "کوردستان بۆ من بەهەشتە، گۆڕە، ئازادییە و ژیانە، کوردستان ژیانی نەتەوەییە، رۆژئاڤا فیداکارییە، رۆژهەڵات بیرهێنانەوەی سمکۆی شکاک و قازی محەممەد و بارزانیی نەمرە، باکوور شوێنەواری سەید رەزایە، شێخ سەعیدە، ئاگرییە، زیلانە، دایکی کوردستانە و زێدی مەلای جزیری، فەقێ تەیران، ئەحمەدی خانی و جگەرخوینە، باشوور خەباتە، خزمەتە، سەرەتای سەرهەڵدان و ئازادییە، بیرەوەریی شێخ عەبدولسەلام، بارزانیی نەمر و شێخ ئەحمەد و گەلەک کەسانن، وەکو ئاشتی و ئازادیی مەسعود بارزانییە."
"باشترینتان ئەو کەسانەن بەرگری لە نەتەوەی خۆیان دەکەن"
مامۆستا جەلال خەیلانی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی لە کوردستان، میوانی بەشی چوارەم و کۆتایی کەمپەینەکە بوو.
مامۆستا جەلال گوتی، "خوای گەورە دەفەرموێت، لەسەر کاری باشە یارمەتیی یەکدی بدەن و لەسەر کاری خراپە یارمەتیدەر مەبن. پێغەمبەری ئیسلامیش (د.خ) دەفەرموێت: خوای گەورە پشت و پەنای بەندەکانیەتی ئەگەر بەندەکان خۆیان پشت و پەنای یەکدی بن."
ئەو مامۆستا ئایینییە گوتیشی، "لە روانگەی پیرۆزی ئیسلامەوە بە هەموو هاونیشتمانییان دەڵێم: هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماو، تەنیا خێرخوازی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو دیینییە و عیبادەتە. لە لایەنی نەتەوەییشەوە، باشترینتان ئەو کەسەیە کە بەرگری لە نەتەوەی خۆی بکات لەسەر کاری باشە."
"د خەمێ خوشک و برایێت خۆدا هیچ باش نینە"
ژنێکی بەساڵاچوو، بەو کەشە ساردە بڕێک پارەی وەکو هاوکاری بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هێنابوو. بڕێک پارەی خستە نێو سندووقەکە و رەنج سەنگاوی لێی پرسی، "دایە گیان چۆنی؟" ژنەکەش بەدەم گریانەوە گوتی، "باشین شوکر، ئەلحەمدولیلا.. باشین بەڵام چ باش نینە، د خەمێ دایک و خوشک و برایێت خۆدا هیچ باش نینە، قەدەما منا شکەستی."
"قورئانێکم هێناوە بۆ کوردانی رۆژئاوا"
منداڵێکی تەمەن 11 ساڵان هات بۆ لای رەنج و گوتی، "من ناوم دڵوارە، مامم 7000 دیناری پێدام و گوتی بڕۆ لۆ خۆت خەرجی بکە، منیش هاتم یارمەتیی رۆژئاوای کوردستانی پێ بدەم."
دواتر، هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەولێر، بە رەنج سەنگاویی گوت، "قورئانێکی پیرۆزم هێناوە پێشکێشی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانی بکەم، ئەوانیش ئیماندار و خواناسن، وەکو چۆن شوێنە پیرۆزەکان و مزگەوتەکانی ئێمە خاپوور کران، ئێستا ئەوانیش ئاوان و لەنێو مزگەوتەکان دەمێننەوە، خوای گەورە بەم سەرمایە ببێتە پشت و پەنایان."
ژنێک لە سلێمانی: سەرکەوتنی رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنی ئێمەشە
لەنێو بەرنامەکەدا، پەیامنێرانی سلێمانییش رووماڵی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانیان کرد، لەکاتی راستەوخۆیەکی پێشەوا بەختیار دا، خێزانێک هاوکارییان هێنا و دایکەکە بە پێشەوای گوت، "ئەوان خوشک و برای ئێمەن، ئەرکی سەرشانمانە، پێداویستیی ناوماڵ و پێویستیی ژنانەمان هێناوە، ئەوەی لە تواناماندا بووبێت هێناومانە. ئینشائەڵڵا رۆژئاوا هەر سەرکەوتوو دەبێت، سەرکەوتنی ئەوان سەرکەوتنی ئێمەشە، بۆیە دەڵێین، تکایە کۆڵ مەدەن."
پێشمەرگەیەک: هەر ئەو پارەیەم هەیە کە هێناومە
لەکاتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکاندا، پێشمەرگەیەک هاتە لای رەنج سەنگاوی و گوتی، "وەڵاهی پارەم نەبوو، چونکە منداڵێکی کەمئەندامم هەیە، بەس ئەوەندە پارەیەم هەبوو ئەویشم هێنا بۆ خوشک و براکانمان لە رۆژئاوا."
ئەو پێشمەرگە گوتیشی، "ئەگەر جەنابی سەرۆک بارزانی بڕیار بدات، ئێمە خۆمان فیدای کوردایەتی دەکەین. خۆم لە داستانی پردێ بەشداربووم و شەڕی مان و نەمانمان کرد، ئینشائەڵڵا سەرکەوتن هەر بۆ کوردستانە."
"لۆ کوردی خۆمانە و عەزێت نییە"
ژنێکی بەساڵاچوو، چووە سەر سندووقی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان و بڕێک پارەی خستە نێویەوە، رەنج سەنگاوی گوتی، "عەزێتت کێشا."
ژنەکەش لە وەڵامدا پێی گوت، "عەزێت نییە، لۆ کوردی خۆمانە، ئەمانەتی خوای بن، خوایە ئاگاداریان بی خوایە."
حەماسەتی کوردایەتی و گۆرانییەکانی شڤان پەروەر
شڤان پەروەر، هاوشانی رەنج سەنگاوی مایەوە تاوەکو کۆتایی کەمپەینەکە. لەکاتی گۆرانییەکاندا گەنجێک زۆر بە حەماسەوە گۆرانییەکانی دەگوتەوە، بۆیە رەنج سەنگاوی بانگی کرد.
گەنجەکە کە زۆر بە حەماس گۆرانییەکانی شڤان پەروەری دەگوتەوە، هات و سەرەتا دەستی شڤان پەروەری ماچ کرد و دواتر پێکەوە گۆرانیی "سەرهلدان"یان گوتەوە:
سەرهلدان ل سەرێ چیان هێی
بەرخوەدان د ناڤا زیندان
دەنگێ خۆرتا خوەش تێ من هەلە
دەنگێ کەچێن دلۆڤان
سەرهلدان، بەرخوەدان
سەرهلدان ژیانە هێی هێی
بەرخوەدان ژیانە......
ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانەی کە هاوکارییان پێشکێش کرد:
گرووپی کۆمپانیاکانی دڵبین، بایی 50 ملیۆن دینار دەرمان
کۆمپانیای میدڵ تۆن، بایی 80 ملیۆن دینار دەرمان
کۆلێژەکانی عیشق و نیلوفەر، 5000 پارچە جلوبەرگ
کۆمپانیای هەستین، 1000 فەردە برنج
ئای ستار میدیا، 1000 بەتانی، 1200 قوتووی شیر، 1200 مرشیکی لە قوتووکراو و 500 سەبەتەی خۆراک
قوتابیانی بەشی یاسا لە زانکۆی نۆلیج، 2 ملیۆن و 830 هەزار دینار
کارگەی بی ئاڕ تۆن
کۆمپانیای مەردان گولی، یەک بارهەڵگر یاری و پێداویستی منداڵان
کۆمپانیای ئاسۆ، 1000 بەتانی، 1000 سەبەتە خۆراک، 1000 پارچە جلوبەرگ
چەند هاونیشتمانییەک لە کەرکووک، 2500 دۆلار
ئاسۆ شەمێرانی، 5 ملیۆن و 750 هەزار دینار
هاونیشتمانییەک لە ئەڵمانیا: 1000 دۆلار
مەکتەب راستی بۆ بازرگانیی پێڵاو: 3000 جووت پێڵاو
کارگەی نەهرۆ، 372 بەتانی
کۆمپانیای دۆی قەندیل، یەک بارهەڵگر خۆراک و بەتانی
براندی خاک، 150 پارجە جل
هاونیشتمانییەک لە باکووری کوردستان، 1000 دۆلار
کلینیکی ڤاری، 10هەزار دۆلار
کۆمپانیاکانی سپەیس دیزاین و سپەیس هوود، 600 سەبەتەی خۆراک
کۆمپانیای سەن گرووپ، 240 سۆپای نەوتی و 500 لایتی شەحن
کۆمپانیای ریدێکس، 100 پێخەف و 1000 کارتۆن خواردن
کۆمپانیای ئەربیل ئاجێنسی
رێکخراوی کوردانی نەرویج، 15 هەزار دۆلار
هاونیشتمانییەک، 300 یۆرۆ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ