پارێزگاری هەولێر: ئاهەنگەکانی نەورۆز رادەگرین

26-02-2020
گۆڤەند مستەفا
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی فرسەت سۆفی
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی فرسەت سۆفی
A+ A-

رووداو - هەولێر
 
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەردەوامدەبن و لەو چوارچێوەیەدا ئاهەنگەکانی نەورۆز رادەگرن.
 
ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە قایمقام، بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی باسی نێوەڕۆکەکەی کرد و رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی حکومەت کردەوە کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووبوون، بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە".

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی گوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداویستییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دابیندەکات. 

لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان، فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوە کرد، "خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێک لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار نەکراوە، ئێمە هەموو رێکارێکی پێویستمان گرتووەتەبەر لە رێوشوێنی پێویستی خۆپارێزی هەر لەسەر سنوورەکانەوە، لەنێو بازاڕ و لە رێنمایی پێویستی تەندروستی و دەستەبەرکردنی ئەو پێداویستیانەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپارێزی بۆ ئەو نەخۆشییە پێویستن".

پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت "هەموو رێکارێکی پێویستی خۆپارێزی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بتوانین تەندروستیی گشتی لە شارەکەمان بپارێزین. دڵنیاییش دەدەینە هاووڵاتییانی شارەکەمان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و رێگەگرتن لە کەسانی قۆرخکار، لە هیچ کەسێک قبووڵ ناکەین ئەو سوود لەو دۆخە وەربگرێت بۆ گرانکردنی بازاڕ".

ئەو کەسانەی لەو وڵاتانە دێنەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و پشکنینیان بۆ دەکرێت، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەن کە لەو شوێنانەوە هاتبێت ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە. 

لەبارەی راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، پارێزگاری هەولێر گوتی، راگەیاندنی پشوو تەنیا بۆ خۆپارێزییە. داواش دەکات هەموو لایەک هاوکاری یەکدی بکەن و لە هەموو ناوەندە پەروەردەیی و ئایینی و رۆشنبیرییەکان هۆشیاری بڵاو بکەنەوە.

 

رێکارە خۆپارێزییەکان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێن، هەر لەو چوارچێوەیەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، وەک ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، هەموو بۆنە و کۆبونەوەیەکی گشتی کە بەریەککەوتنی تێدا رووبدات رادەگیرێت، وەک نێرگەلەکێشان لە شوێنە گشتییەکان، کافتریاکان، لایڤ‌ میوزک و مەلەکردن.
 
هاوکات پۆلیسی گەرمیانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لەپێناو پاراستنی تەندروستیی بەندکراوان لە گرتووخانەی گەرمیان، سەردانیکردنی بەندکراوان تاوەکو ماوەیەکی نادیار رادەگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

بەڵێندەران لە "ترسی نەبوونی پارە" پڕۆژەی رێگەوبانی گوندەکانی بێتواتە وەرناگرن

دانیشتووانی ژمارەیەک گوندی سنووری ناحیەی بێتواتە لە ئیدارەی راپەڕین، لە خراپیی رێگەوبانەکانیان نیگەرانن. بەڕێوەبەری ناحیەکەش ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەوەی دوو جار تەندەر بۆ پڕۆژەی رێگەی چوار گوند راگەیێندراوە، بەڵام "لەترسی نەبوونی نەختینە" هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە پڕۆژەکە وەربگرێت